کتێبی پیرۆز — Open Kurdi Sorani Standard Version

زەکەریا 6

Read Scripture freely. Divine Threads study for this chapter is coming later.

1جارێکی دیکە چاوم هەڵبڕی بینیم لەبەردەمم چوار گالیسکەی جەنگی لەنێوان دوو کێوەوە دێنە دەرەوە، کێوەکانیش بڕۆنز بوون.
2گالیسکەی یەکەم ئەسپی سووری پێوە بوو، دووەم ئەسپی ڕەش،
3سێیەم ئەسپی سپی، چوارەم ئەسپی بەڵەک، هەموویان ئەسپی بەهێز بوون.
4لەو فریشتەیەم پرسی کە قسەی لەگەڵ دەکردم: «گەورەم، ئەمانە چین؟»
5فریشتەکەش وەڵامی دامەوە و پێی گوتم: «ئەمانە چوار ڕۆحەکەی ئاسمانن خزمەتی پەروەردگاری هەموو زەوی دەکەن و هاتوونەتە دەرەوە.
6ئەو گالیسکەیەی ئەسپە ڕەشەکانی پێوەیە بۆ خاکی باکوور دەچێت، ئەوەی ئەسپە سپییەکانیشی پێوەیە بەرەو ڕۆژئاوا، ئەوەی ئەسپە بەڵەکەکانیشی پێوەیە بۆ خاکی باشوور دەچێت.»
7کاتێک ئەسپە بەهێزەکان چوونە دەرەوە، بە پەرۆشەوە بوون کە بەسەر زەویدا بگەڕێن، ئەویش فەرمووی: «بڕۆن و بەناو زەویدا بگەڕێن.» ئەوانیش بەناو زەویدا گەڕان.
8ئینجا هاواری لێکردم و پێی گوتم: «ببینە ئەوانەی بۆ خاکی باکوور دەچن، ڕۆحی منیان لە خاکی باکووردا ئارام کردەوە.»
9پاشان فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات و فەرمووی:
10«زێڕ و زیو لە حەلدەی و تۆڤییاهو و یەدایا وەربگرە، ئەو ڕاپێچکراوانەی لە بابلەوە گەڕاونەتەوە. هەر ئەو ڕۆژە بڕۆ ماڵی یۆشیای کوڕی سەفەنیا.
11زێڕ و زیو وەربگرە و تاجێک دروستبکە، لەسەری یەشوعی کوڕی یەهۆچاداقی سەرۆک کاهینی بنێ.
12پێی بڵێ، یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: ”ئەوەتا ئەو پیاوەی ناوی لقە، لە جێی خۆیەوە لق دەردەکات و پەرستگای یەزدان بنیاد دەنێت.
13ئەو ئەو کەسەیە کە پەرستگای یەزدان بنیاد دەنێت، شکۆمەندی هەڵدەگرێت، لەسەر تەختەکەی دادەنیشێت فەرمانڕەوایەتی دەکات. هەروەها دەبێتە کاهین لەسەر تەختەکەی، ئیتر فەرمانڕەوایەتی خۆی لەگەڵ کاهینیێتییەکەی دەگونجێنێت .“
14تاجەکەش دەدرێتە حەلدەی و تۆڤییاهو و یەدایا و حینی کوڕی سەفەنیا، وەک یادگاری لە پەرستگای یەزدان.
15هەروەها ئەوانەی دوورن دێن بۆ بنیادنانی پەرستگای یەزدان، ئێوەش دەزانن کە یەزدانی سوپاسالار منی بۆ لای ئێوە ناردووە. ئەمە دەبێت ئەگەر بە تەواوەتی گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگارتان بن.»
کتێبی پیرۆز — Open Kurdi Sorani Standard Version. © 1998, 2011, 2016, 2020 Biblica, Inc.. Original source Bible: eBible.org/ckb. Original translation by Biblica, Inc., freely available from Biblica and Open.Bible. The Scripture is licensed under Creative Commons Attribution–ShareAlike 4.0. Complete original publisher copyright notice. Scripture text adaptations remain under CC BY-SA 4.0. Biblica endorsement is not implied. The original publisher USFM formatting has been adapted to searchable verse rows. Section headings, footnote display markup and some paragraph styling are omitted; Scripture wording and the source-native verse numbers are preserved. Divine Threads research and Kids Corner content are separately authored, not yet translated in this language.