کتێبی پیرۆز — Open Kurdi Sorani Standard Version

گۆرانی گۆرانییەکان 2

Read Scripture freely. Divine Threads study for this chapter is coming later.

1من گوڵاڵە سوورەی شارۆن و سەوسەنی دۆڵانم.
2وەک گوڵی سەوسەن لەناو دڕکوداڵ یارەکەم ئاوایە لەناو کچان.
3وەک دار سێو لەنێو دارەکانی دارستان دڵدارەکەم ئاوایە لەناو کوڕان. حەزم لە دانیشتنە لە سێبەرەکەی مێوەکەشی بۆ دەمم شیرینە.
4با بمباتە هۆڵی خوانەکە، خۆشەویستییەکەی وەک ئاڵا لەسەر سەرم بشەکێتەوە.
5بە کشمیش گڕوتینم پێ ببەخشن، بە سێو بمگەشێننەوە، چونکە من بە شەیدای خۆشەویستی ئەوم.
6دەستی چەپی لەژێر سەرمە و دەستی ڕاستی لە ئامێزم دەگرێت.
7ئەی کچانی ئۆرشەلیم، سوێندتان دەدەم، بە مامز یان مێینەی ئاسکی دەشتودەر، کە خۆشەویستی هەڵنەستێنن و بە ئاگای نەهێنن هەتا خۆی حەز دەکات.
8گوێ بگرە! ئەوە دەنگی دڵدارەکەمە! تەماشا بکە! وا دێت، لەسەر چیاکان هەڵدەبەزێتەوە، بەسەر گردەکاندا باز دەدات.
9دڵدارەکەم وەک ئاسک یان وەک کارمامزە، وا لە پشت دیوارەکەمان ڕاوەستاوە، لە دەلاقەوە سەیر دەکات، لە کڵاوڕۆژنەوە تەماشا دەکات.
10دڵدارەکەم قسەی کرد، پێی گوتم: «یارەکەم، هەستە، شیرینەکەم، وەرە.
11تەماشا بکە، زستان تێپەڕی، باران بەسەرچوو و نەما.
12گوڵ لەسەر زەوی دەرکەوت، ئێستا کاتی گۆرانییە؛ خوێندنی کوکوختی لە خاکی ئێمە دەبیسترێت.
13هەنجیر بەری گرتووە، بۆنی بەرسیلەی مێو بڵاو بووەتەوە. یارەکەم، هەستە، شیرینەکەم، وەرە.»
14ئەی کۆترەکەم لەناو کەلەبەری هەڵدێرەکان، لە پەناگای بنارەکان، با ڕوخسارت ببینم، با دەنگت ببیستم، چونکە دەنگت ناسکە و ڕوخسارت شیرینە!
15ڕێوییەکانمان بۆ ڕاو بکەن، ئەو توولە ڕێوییانەی ڕەزەکانمان تێکدەدەن، چونکە ڕەزەکانمان پەسیرەیان گرتووە.
16دڵدارەکەم بۆ منە و منیش بۆ ئەوم، لەناو گوڵە سەوسەنەکان دەلەوەڕێت.
17بەر لەوەی ڕۆژ هەڵبێت و تاریکی بڕەوێتەوە، ئەی دڵدارەکەم، بگەڕێوە، وەک ئاسک بە، یان کارمامز لەسەر چیا فرە لووتکەکان.
کتێبی پیرۆز — Open Kurdi Sorani Standard Version. © 1998, 2011, 2016, 2020 Biblica, Inc.. Original source Bible: eBible.org/ckb. Original translation by Biblica, Inc., freely available from Biblica and Open.Bible. The Scripture is licensed under Creative Commons Attribution–ShareAlike 4.0. Complete original publisher copyright notice. Scripture text adaptations remain under CC BY-SA 4.0. Biblica endorsement is not implied. The original publisher USFM formatting has been adapted to searchable verse rows. Section headings, footnote display markup and some paragraph styling are omitted; Scripture wording and the source-native verse numbers are preserved. Divine Threads research and Kids Corner content are separately authored, not yet translated in this language.