کتێبی پیرۆز — Open Kurdi Sorani Standard Version

ڕۆما 10

Read Scripture freely. Divine Threads study for this chapter is coming later.

1ئەی خوشک و برایان، ئارەزووی دڵم و پاڕانەوەم لە خودا لە پێناوی ڕزگاریی نەوەی ئیسرائیلە.
2شایەتییان بۆ دەدەم کە دڵگەرمییان بۆ خودا هەیە، بەڵام بە زانیارییەوە نییە.
3لەبەر ئەوەی بێتاوانکردنیان لە خوداوە نەزانی، هەوڵیان دا بێتاوانکردنی خۆیان بچەسپێنن، ملکەچی بێتاوانکردنی خودا نەبوون.
4بەڵام مەسیح تەواوکەری شەریعەتە، تاکو ڕاستودروستی بۆ هەموو ئەوانە بێت کە باوەڕ دەهێنن.
5موسا لەبارەی ئەو ڕاستودروستییەی بەپێی شەریعەتی تەوراتە دەنووسێت: ﴿ئەو کەسەی پەیڕەویان بکات، بەهۆیانەوە دەژیێت.﴾
6بەڵام ئەو ڕاستودروستییەی بە باوەڕە، ئاوا دەفەرموێ: ﴿لە دڵی خۆتاندا مەڵێن، «کێ سەردەکەوێتە ئاسمان؟»﴾ بە واتای ئەوەی کە مەسیح بهێنێتە خوارەوە،
7﴿یان «کێ دادەبەزێتە ناو بیری بێ بن؟»﴾ بە واتای ئەوەی کە مەسیح لەناو مردووان سەربخات.
8بەڵام چی دەفەرموێ؟ ﴿پەیامەکە لێت نزیکە، لەسەر زمانتە و لە دڵتدایە،﴾ ئەمەش پەیامی ئەو باوەڕەیە کە ڕایدەگەیەنین:
9ئەگەر بە دەمت دانت پێدا نا کە عیسا پەروەردگارە و بە دڵ باوەڕت کرد کە خودا لەناو مردووان هەڵیستاندەوە، ڕزگار دەبیت.
10لەبەر ئەوەی بە دڵ باوەڕهێنان ئەنجامەکەی بێتاوانبوونە، بە دەم دانپێدانان ئەنجامەکەی ڕزگارییە.
11هەروەک چۆن نووسراوە پیرۆزەکە دەفەرموێ: ﴿هەرکەسێک پشتی پێ ببەستێت، شەرمەزار نابێت.﴾
12جیاوازی لەنێوان جولەکە و ناجولەکە نییە، لەبەر ئەوەی هەمان پەروەردگارە بۆ هەمووان، دەوڵەمەندە بۆ هەموو ئەوانەی لێی دەپاڕێنەوە،
13چونکە ﴿هەرکەسێک بە ناوی یەزدانەوە بپاڕێتەوە ڕزگاری دەبێت.﴾
14ئیتر چۆن لە یەکێک دەپاڕێنەوە کە باوەڕیان پێی نەهێنابێت؟ چۆن باوەڕ بە یەکێک دەهێنن ئەگەر نەیانبیستبێت؟ چۆنیش دەیبیستن بێ ئەوەی یەکێک پێیان ڕابگەیەنێت؟
15هەروەها چۆن ڕادەگەیەنن ئەگەر نەنێردرابن؟ وەک نووسراوە: ﴿چەند جوانە پێیەکانی ئەوانەی مزگێنی خۆشی دەدەن!﴾
16بەڵام هەموو نەوەی ئیسرائیل گوێڕایەڵی پەیامی ئینجیل نەبوون، چونکە ئیشایا دەڵێت: ﴿ئەی یەزدان، کێ باوەڕی بە پەیامەکەمان کرد؟﴾
17کەواتە باوەڕ بە بیستنە، بیستنیش بە وشەی مەسیحە.
18بەڵام دەڵێم: ئایا گوێیان لێ نەبوو؟ بێگومان گوێیان لێ بوو! ﴿پەیامیان بە هەموو زەوی گەیشت، وتەکانیان بەوپەڕی جیهان.﴾
19بەڵام دەڵێم: ئایا ئیسرائیل تێنەگەیشت؟ یەکەم جار موسا دەڵێت: ﴿من واتان لێدەکەم ئیرەیی بەوانە ببەن کە گەل نین، بە نەتەوەیەکی گێل پەستتان دەکەم.﴾
20بەڵام ئیشایا ئازایانە دەڵێت: ﴿دۆزرامەوە لەلایەن ئەوانەی بەدوامدا نەگەڕان، دەرکەوتم بۆ ئەوانەی پرسیاری منیان نەکرد.﴾
21بەڵام دەربارەی ئیسرائیل دەڵێت: ﴿بە درێژایی ڕۆژ دەستم بۆ گەلێکی یاخی و بەرهەڵستکار ڕاگرت.﴾
کتێبی پیرۆز — Open Kurdi Sorani Standard Version. © 1998, 2011, 2016, 2020 Biblica, Inc.. Original source Bible: eBible.org/ckb. Original translation by Biblica, Inc., freely available from Biblica and Open.Bible. The Scripture is licensed under Creative Commons Attribution–ShareAlike 4.0. Complete original publisher copyright notice. Scripture text adaptations remain under CC BY-SA 4.0. Biblica endorsement is not implied. The original publisher USFM formatting has been adapted to searchable verse rows. Section headings, footnote display markup and some paragraph styling are omitted; Scripture wording and the source-native verse numbers are preserved. Divine Threads research and Kids Corner content are separately authored, not yet translated in this language.