کتێبی پیرۆز — Open Kurdi Sorani Standard Version

زەبوورەکان 72

Read Scripture freely. Divine Threads study for this chapter is coming later.

1ئەی خودایە، دادپەروەری خۆت بدە بە پاشا، ڕاستودروستیت بە کوڕی پاشا.
2با بە ڕاستودروستی حوکمی گەلەکەت بکات، بە دادپەروەریش هەژارەکانت.
3با چیاکان ئاشتی بۆ گەل دابین بکەن، گردەکان ڕاستودروستی.
4با دادوەری کڵۆڵانی گەل بکات، کوڕی نەداران ڕزگار بکات، زۆرداران وردوخاش بکات.
5با وەک خۆر بمێنێت، وەک مانگ بە درێژایی نەوەکان.
6وەک باران بەسەر گیادا ببارێت، وەک هەور زەوی ئاو بدات،
7ڕاستودروستان لە سەردەمی ئەو شکۆفە دەکەن، ئاشتییەکی زۆر دەبێت هەتا فەوتانی مانگ.
8لە دەریاوە هەتا دەریا حوکم دەکات، لە ڕووباری فوراتەوە هەتا ئەوپەڕی زەوی.
9بیاباننشینەکان کڕنۆشی بۆ دەبەن و ناحەزانی تۆز دەلێسنەوە.
10پاشاکانی تەرشیش و دوورگە دوورەکان سەرانە دەنێرن، پاشاکانی شەبا و سەبا دیاری بۆ دێنن.
11هەموو پاشاکان کڕنۆشی بۆ دەبەن و هەموو نەتەوەکان خزمەتی دەکەن.
12لەبەر ئەوەی نەدار کە هاواری بۆ دەبات، دەربازی دەکات، چەوسێنراویش کە یارمەتیدەری نییە.
13بەزەیی بە لاواز و نەداردا دێتەوە، گیانی نەدارەکان ڕزگار دەکات،
14گیانیان لە ستەم و توندوتیژی دەکڕێتەوە، خوێنی ئەوان لەلای بەنرخە.
15تەمەن درێژ بێت! با لە زێڕی شەبای پێبدرێت، با هەمیشە خەڵک نزای بۆ بکەن، با بە درێژایی ڕۆژ داوای بەرەکەتی بۆ بکەن.
16با دانەوێڵەیەکی زۆر لەسەر زەوی بێت، لەسەر لووتکەی گردەکان، بەرهەمی وەک لوبنان بشەکێتەوە، با ئەوانەی لە شارەکانن وەک گیای کێڵگە چرۆ بکەن.
17با هەتاهەتایە ناوی بمێنێت، هەتا خۆر مابێت ناوی بەردەوام بێت. هەموو نەتەوەکان لەوەوە بەرەکەتدار بن، هەمووان خۆزگەی پێ بخوازن.
18ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگار، خودای ئیسرائیل، بە تەنها ئەوە کاری سەرسوڕهێنەر دەکات.
19هەتاهەتایە ستایش بۆ ناوی شکۆداری، با شکۆمەندییەکەی هەموو جیهان پڕ بکات. ئامین و ئامین.
20لێرەدا نوێژەکانی داودی کوڕی یەسا تەواو بوون.
کتێبی پیرۆز — Open Kurdi Sorani Standard Version. © 1998, 2011, 2016, 2020 Biblica, Inc.. Original source Bible: eBible.org/ckb. Original translation by Biblica, Inc., freely available from Biblica and Open.Bible. The Scripture is licensed under Creative Commons Attribution–ShareAlike 4.0. Complete original publisher copyright notice. Scripture text adaptations remain under CC BY-SA 4.0. Biblica endorsement is not implied. The original publisher USFM formatting has been adapted to searchable verse rows. Section headings, footnote display markup and some paragraph styling are omitted; Scripture wording and the source-native verse numbers are preserved. Divine Threads research and Kids Corner content are separately authored, not yet translated in this language.