کتێبی پیرۆز — Open Kurdi Sorani Standard Version

زەبوورەکان 55

Read Scripture freely. Divine Threads study for this chapter is coming later.

1ئەی خودایە، گوێ لە نوێژم بگرە، پاڕانەوەم پشت گوێ مەخە،
2گوێم لێ بگرە و وەڵامم بدەوە. سەرم لێ شێواوە لە نەگبەتی خۆم و بێزارم،
3لە بیستنی دەنگی دوژمن، لە چاو لێ سوور کردنەوەی بەدکاران، چونکە ئەمانە تووشی گرفتم دەکەن و بە تووڕەییەوە دەمچەوسێننەوە.
4دڵم لە ناخمدا پڕ لە ئازارە، ترسی مەرگ هاتووەتە سەرم.
5ترس و لەرز دایگرتووم، تۆقین باڵی بەسەرمدا کێشاوە.
6گوتم: «خۆزگە وەک کۆتر باڵم دەبوو، دوور دەفڕیم و دەحەسامەوە،
7بە ڕاستی دووردەکەوتمەوە و لە چۆڵەوانی دەمامەوە.
8پەلەم دەکرد بۆ شوێنی پەناگای خۆم، دوور لە ڕەشەبا و لە گەردەلوول.»
9ئەی پەروەردگار، سەریان لێ بشێوێنە، زمانیان تێک بئاڵێنە، چونکە زۆرداری و دووبەرەکی لە شاردا دەبینم.
10شەو و ڕۆژ بەسەر شووراکانیدا دەسووڕێنەوە و خراپە و ناڕەوایی لە ناوەڕاستیدایە.
11وێرانکاری لە ناوەڕاستیدایە، دەستدرێژی و ساختەکاری هەرگیز شەقامەکانی بەرنادەن.
12ئەگەر دوژمن سووکایەتی پێم بکردایە، بەرگەم دەگرت، ئەگەر ناحەز بەسەرمدا زاڵ بووایە، دەمتوانی خۆمی لێ بشارمەوە.
13بەڵام ئەوە تۆی! هاوشێوەی من مرۆڤی، هاوڕێمی، نزیکترین برادەری منی،
14کە بەیەکەوە پەیوەندییەکی شیرینمان هەبوو، بەیەکەوە لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵکدا بەرەو ماڵی خودا دەچووین.
15با مەرگ چەواشەیان بکات، با بە زیندوویی دابەزنە ناو جیهانی مردووان، چونکە خراپە شوێنی خۆی کردووەتەوە لەنێویان.
16بەڵام هاواری من بۆ خودایە، یەزدانیش ڕزگارم دەکات.
17ئێواران و بەیانییان و نیوەڕۆیان گلەیی دەکەم و دەناڵێنم، ئەویش گوێم لێ دەگرێت.
18گیانمی بە تەواوی کڕییەوە لەو جەنگەی دژم هەڵگیرساوە، چونکە زۆرن بەرهەڵستکارانم.
19خودا، ئەوەی لە ئەزەلەوە لەسەر تەخت دانیشتووە، گوێی لێ دەبێت و ڕیسوایان دەکات؛ ئەوانەی ناگۆڕێن و ترسی خودایان لە دڵدا نییە.
20هاوڕێکەم دەستدرێژی دەکاتە سەر دۆستەکانی، پەیمانی خۆی دەشکێنێت.
21زمانی وەک کەرە لووسە، بەڵام دڵی پڕ لە شەڕە. قسەی لە ڕۆن نەرمترە، بەڵام شمشێری هەڵکێشراوە.
22خەمەکانت بە یەزدان بسپێرە، ئەو پشتگیریت دەکات، هەرگیز ناهێڵێت ڕاستودروستان بهەژێن.
23بەڵام تۆ ئەی خودایە، فڕێیان بدە ناو قووڵترین بیر، خوێنڕێژ و فێڵبازەکان، ڕۆژگاریان ناگاتە نیوە. بەڵام من پشت بە تۆ دەبەستم.
کتێبی پیرۆز — Open Kurdi Sorani Standard Version. © 1998, 2011, 2016, 2020 Biblica, Inc.. Original source Bible: eBible.org/ckb. Original translation by Biblica, Inc., freely available from Biblica and Open.Bible. The Scripture is licensed under Creative Commons Attribution–ShareAlike 4.0. Complete original publisher copyright notice. Scripture text adaptations remain under CC BY-SA 4.0. Biblica endorsement is not implied. The original publisher USFM formatting has been adapted to searchable verse rows. Section headings, footnote display markup and some paragraph styling are omitted; Scripture wording and the source-native verse numbers are preserved. Divine Threads research and Kids Corner content are separately authored, not yet translated in this language.