کتێبی پیرۆز — Open Kurdi Sorani Standard Version

پەندەکانی سلێمان 7

Read Scripture freely. Divine Threads study for this chapter is coming later.

1ڕۆڵە، گوێڕایەڵی قسەکانم بە و ڕاسپاردەکانم لەلای خۆت هەڵبگرە،
2ڕاسپاردەکانم بەجێبگەیەنە، دەژیت، فێرکردنەکانیشم وەک گلێنەی چاوت بپارێزە.
3بە پەنجەکانتەوە گرێیان بدە، لەسەر پەڕەی دڵت بیاننووسە.
4بە دانایی بڵێ: «تۆ خوشکی منی،» بە تێگەیشتنیش بڵێ: «تۆ خزمی منی.»
5بۆ ئەوەی لە ژنی بەدڕەوشت بتپارێزن، لە ژنی داوێنپیسی زمانلووس.
6لە پەنجەرەی ماڵەکەمەوە لەو دیوی کڵاوڕۆژنەکەمەوە ڕوانیم،
7لەناو ساویلکەکاندا بینیم، لەناو کوڕاندا سەرنجم دا گەنجێکی تێنەگەیشتوو.
8لە شەقامەکە پەڕییەوە و لایدا لای ژنە بەدڕەوشتەکە، ڕێگای ماڵی ئەوی دەگرتەبەر،
9لە زەردەپەڕی ئێواران کاتی ئاوابوونی خۆر، لەژێر تاریکایی شەو.
10ئەوەتا ژنێک بەرەوپیری چوو، لە بەرگی لەشفرۆشێکی فێڵبازدا بوو.
11(ئەم ژنە بە دەنگەدەنگ و سەرکێشە، پێیەکانی لە ماڵی خۆی گیرنابێت.
12پێیەکی لە شەقام و پێیەکی لە گۆڕەپانەکانە، لە هەموو پەنایەک بۆسە دەنێتەوە.)
13گەنجەکەی گرت و ماچی کرد، بێ ئابڕووانە پێی گوت:
14«قوربانی هاوبەشیم لەسەرە، ئەمڕۆ نەزرەکانی خۆمم بەجێهێنا،
15بۆیە بۆ دیدەنیت هاتمە دەرەوە، بۆ دیداری ڕووی تۆ و بۆ دۆزینەوەت.
16نوێنم لەسەر قەرەوێڵەکەم ڕاخستووە، کەتانی ڕەنگاوڕەنگی میسری،
17نوێنەکەم بۆنخۆش کردووە بە موڕ و ئەلوا و دارچین .
18وەرە هەتا بەیانی ئەوین بنۆشین، بە خۆشەویستی چێژ وەربگرین،
19چونکە مێردەکەم لە ماڵەوە نییە، چووەتە ڕێگایەکی دوور.
20کیسە زیوی لەگەڵ خۆی بردووە، هەتا مانگ نەبێت بە چواردە ناگەڕێتەوە ماڵ.»
21بە زۆری مەکرەکانی لەخشتەی برد، بە قسە لووسەکانی زەوقی هەستاند.
22لەناکاو بەدوایدا ڕۆیشت، وەک گایەک بۆ سەربڕین ببردرێت، وەک مامز دەکەوێتە ناو تەڵە،
23هەتا تیرێک جەرگی ببڕێت، وەک پەلەکردنی باڵدار بۆ داو، کە نازانێ بۆ گیانی خۆیەتی.
24ئەی کوڕینە، ئێستاش گوێم لێ بگرن، سەرنج بدەنە قسەکانی دەمم.
25با دڵت بەرەو ڕێگاکانی ئەو ژنە لانەدات، لە ڕێبازەکانی گومڕا مەبە،
26چونکە زۆرن ئەوانەی بە برینداری بەریداونەتەوە، هەموو ئەوانەی بە دەستی کوژراون کۆمەڵی گەورەن.
27ماڵەکەی ڕێگای جیهانی مردووانە، شۆڕبوونەوەیە بۆ ژوورەکانی مەرگ.
کتێبی پیرۆز — Open Kurdi Sorani Standard Version. © 1998, 2011, 2016, 2020 Biblica, Inc.. Original source Bible: eBible.org/ckb. Original translation by Biblica, Inc., freely available from Biblica and Open.Bible. The Scripture is licensed under Creative Commons Attribution–ShareAlike 4.0. Complete original publisher copyright notice. Scripture text adaptations remain under CC BY-SA 4.0. Biblica endorsement is not implied. The original publisher USFM formatting has been adapted to searchable verse rows. Section headings, footnote display markup and some paragraph styling are omitted; Scripture wording and the source-native verse numbers are preserved. Divine Threads research and Kids Corner content are separately authored, not yet translated in this language.