کتێبی پیرۆز — Open Kurdi Sorani Standard Version

عۆبەدیا 1

Read Scripture freely. Divine Threads study for this chapter is coming later.

1بینینەکەی عۆبەدیا. یەزدانی باڵادەست سەبارەت بە ئەدۆم ئەمە دەفەرموێت، هەواڵێکمان لەلایەن یەزدانەوە بیست، نێردراوێک بۆ نەتەوەکان نێردراوە تاکو پێیان بڵێت: «هەستن! هەستن بۆ جەنگ.»
2«ئێستا لەنێو گەلاندا بچووکت دەکەمەوە، تۆ زۆر ڕیسوا دەبیت.
3فیزی دڵت هەڵیخەڵەتاندی، ئەی نیشتەجێی نێو کەلێنی تاشەبەرد ، ئەوەی نشینگەکەت لە بەرزاییدایە، ئەوەی لە دڵی خۆتدا دەڵێیت: ”کێ دامدەگرێتە سەر زەوی؟“
4ئەگەر وەک هەڵۆ بەرز بیتەوە و ئەگەر هێلانەت لەناو ئەستێرەکان دابنێیت، لەوێوە دەتهێنمە خوارەوە.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
5«ئەگەر دز یان چەتەی شەوانت بۆ بێت، ئایا تەنها ئەوەی پێویستیان بێت نایدزن؟ ئەگەر ڕەزبڕت بۆ بێت ئایا هەندێک ترێ بەجێناهێڵن؟ ئای چۆن بە تەواوی بڕایتەوە!
6ئای عیسۆ چۆن دەپشکێنرێت! گەنجینە شاردراوەکانی تاڵان دەکرێن!
7هەموو هاوپەیمانەکانت هەتا سنوور ڕاویان نای، هەڵیانخەڵەتاندی و بەسەرتدا زاڵبوون، ئەوانەی نمەکی تۆیان کردبوو داوت بۆ دەنێنەوە، بەڵام تۆ تێناگەیت.»
8یەزدان دەفەرموێت: «ئایا لەو ڕۆژەدا، دانایان لە ئەدۆم لەناو نابەم، تێگەیشتووانیش لە چیای عیسۆ؟
9ئەی تێمان، پاڵەوانەکانت دەتۆقن، هەموو ئەوانەی لە چیای عیسۆن بە کوشتن لەناودەچن.
10لەبەر ستەمی تۆ لە یاقوبی برات، ڕیسوایی داتدەپۆشێت، بۆ هەتاهەتایە لەناودەچیت.
11ئەو ڕۆژەی تەماشات دەکرد کاتێک بیانییەکان سامانەکەیان داگیر کرد و نامۆکان هاتنە ناو دەروازەکانی و لەسەر ئۆرشەلیم تیروپشکیان کرد، هەروەها تۆش وەک یەکێک بووی لەوان.
12بەڵام نابێت بە ڕۆژی کارەساتی براکەت دڵخۆش بیت، یان لە ڕۆژی لەناوچوونی نەوەی یەهودا شادمان بیت، یان لە ڕۆژی تەنگانەیاندا شانازی بکەیت.
13نابێت بچیتە ناو دەروازەی گەلەکەم لە ڕۆژی کارەساتیان، یان بە ناخۆشییەکەیان دڵخۆش بیت لە ڕۆژی کارەساتیان، یان دەستت بۆ سامانەکەیان درێژ بکەیت لە ڕۆژی کارەساتیان.
14نابێت لەسەر دووڕیانەکان بوەستیت بۆ کوشتنی دەربازبووەکانیان، نابێت هەڵاتووەکانیان ڕادەست بکەیت لە ڕۆژی تەنگانەیاندا.
15«ڕۆژی یەزدان بۆ هەموو گەلان نزیکە. هەروەک ئەوەی کردت ئاوات پێ دەکرێتەوە، کردەوەکانت بەسەر خۆت دێتەوە.
16هەروەک لەسەر کێوی پیرۆزم خواردتانەوە، هەموو گەلان بەردەوام جامی سزا دەخۆنەوە؛ دەخۆنەوە و دەخۆنەوە و وەک ئەوەیان لێدێت کە هەرگیز نەبووبن.
17بەڵام دەربازبوون لەسەر کێوی سییۆن دەبێت، پیرۆز دەبێت، بنەماڵەی یاقوبیش بەشە میراتی خۆیان وەردەگرن.
18بنەماڵەی یاقوب دەبێتە ئاگر و بنەماڵەی یوسف دەبێتە گڕ؛ بنەماڵەی عیسۆش دەبێتە پووش، جا گڕیان تێبەردەدەن و دەیانخۆن. بنەماڵەی عیسۆ کەسیان لێ دەرباز نابێت.» ئەمە فەرمایشتی یەزدانە.
19خەڵکی نەقەب چیای عیسۆ داگیر دەکەن، خەڵکی زوورگەکانیش خاکی فەلەستییەکان. دەبنە خاوەنی کێڵگەکانی ئەفرایم و سامیرە، بنیامینیش دەبێتە خاوەنی گلعاد.
20ئەو کۆمەڵەی ڕاپێچکراوانی ئیسرائیل کە لە کەنعانن هەتا سەرەفەند دەست بەسەر خاکەکەدا دەگرن؛ ڕاپێچکراوانی ئۆرشەلیمیش کە لە سفارەدن دەست بەسەر شارۆچکەکانی نەقەبدا دەگرن.
21ڕزگارکەرانی خاکەکەش سەردەکەونە سەر کێوی سییۆن بۆ فەرمانڕەوایەتی لەسەر چیای عیسۆ. پاشایەتیش بۆ یەزدان دەبێت.
کتێبی پیرۆز — Open Kurdi Sorani Standard Version. © 1998, 2011, 2016, 2020 Biblica, Inc.. Original source Bible: eBible.org/ckb. Original translation by Biblica, Inc., freely available from Biblica and Open.Bible. The Scripture is licensed under Creative Commons Attribution–ShareAlike 4.0. Complete original publisher copyright notice. Scripture text adaptations remain under CC BY-SA 4.0. Biblica endorsement is not implied. The original publisher USFM formatting has been adapted to searchable verse rows. Section headings, footnote display markup and some paragraph styling are omitted; Scripture wording and the source-native verse numbers are preserved. Divine Threads research and Kids Corner content are separately authored, not yet translated in this language.