کتێبی پیرۆز — Open Kurdi Sorani Standard Version

ناحوم 3

Read Scripture freely. Divine Threads study for this chapter is coming later.

1ئەی شاری خوێن، قوڕبەسەرت، سەراپای درۆیە، پڕ لە تاڵانە، نێچیری لێ نابڕێت!
2شریقەی قامچی، خشەخشی چەرخ، غاردانی ئەسپ و هەڵبەزینی گالیسکە!
3سوارەکان پێشدەکەون، بڵێسەی شمشێر و بروسکەی ڕم! زۆری برینداران و زۆری کوژراوان، تەرمی بێشومار، خەڵکی ساتمە لە تەرمەکان دەکەن.
4هەموو ئەمانە لەبەر زۆری داوێنپیسی لەشفرۆشەکەیە، ڕوخسار جوان و جادووگەرە گەورەکە، ئەوەی بە داوێنپیسییەکەی نەتەوەکانی کردە کۆیلە، بە جادووگەرییەکەی خێڵەکان.
5یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت: «من لە دژی تۆم. دامێنت هەڵدەبڕم بۆ سەر ڕووت، ڕووتیت پیشانی نەتەوەکان دەدەم و پاشایەتییەکانیش شەرمەزاریت دەبینن.
6پیسایی فڕێدەدەمە سەرت، ڕیسوات دەکەم و دەتکەمە دیمەنێکی گاڵتەجاڕی.
7جا هەرکەسێک بتبینێت لێت ڕادەکات و دەڵێت: ”نەینەوا کاول بوو، کێ بۆی دەگریێت؟“ لەکوێ کەسێک ببینمەوە دڵنەواییت بکات؟»
8ئایا لە شاری تیب چاکتریت، دانیشتووی سەر نیل، ئاو چواردەوری دابوو؟ ئەوەی ڕووبارەکە دەیپاراست، ئاوەکان شوورای بوون.
9کوش و میسر هێزی لە ڕادەبەدەری بوون، پووت و لیبییەکان هاوپەیمانی بوون.
10بەڵام ئەو بە دیل گیرا و ڕاپێچ کرا، منداڵەکانی پارچەپارچە کران لەسەر سووچی هەموو شەقامێک. لەسەر پیاوماقوڵانی تیروپشک کرا و هەموو گەورە پیاوانی کۆت و زنجیر کران.
11هەروەها تۆش سەرخۆش دەبیت، خۆت دەشاریتەوە و لە پەنایەک دەگەڕێیت لە دەستی دوژمن.
12هەموو قەڵاکانت وەک داری هەنجیرن بە یەکەم بەرەوە، کە بتەکێن بەردەبنەوە بۆ ناو دەمی ئەو کەسەی دەیخوات.
13تەماشای سەربازەکانت بکە، هەموویان وەک ژنن! دەروازەکانی خاکەکەت بۆ دوژمنانت دەخرێنە سەر پشت، ئاگر شمشیرەی دەروازەکانت هەڵدەلووشێت.
14ئاو بکێشەوە بۆ کاتی گەمارۆدراویت، قەڵاکانت بەهێز بکە! بڕۆ ناو قوڕەوە، قوڕ بشێلە و خشتبڕەکانت توندوتۆڵ بکە!
15لەوێدا ئاگر دەتخوات، شمشێر دەتبڕێت و وەک پۆلە کوللە دەتخوات. وەک پۆلە کوللە زیادبە، زیادبە وەک پێکوڕە!
16بازرگانەکانی خۆت لە ئەستێرەکانی ئاسمان زۆرتر کرد، بەڵام وەک کوللە خاکەکە ڕووت دەکەنەوە و دەفڕن.
17پاسەوانەکانت وەک کوللەن، ئەفسەرەکانت وەک ڕەوە کوللەن، کە لە ڕۆژێکی سارد لەسەر دیوار هەڵنیشتوون، بەڵام کە خۆر هەڵهات دەفڕن، کەس نازانێ بەرەو کوێ چوون.
18ئەی پاشای ئاشور، شوانەکانت خەوتن، گەورە پیاوانت پاڵکەوتن پشوو بدەن. گەلەکەت لەسەر چیاکان پەرتەوازە بوون، کەس نییە کۆیان بکاتەوە.
19شکانەکەت ناگیرێتەوە، برینەکەت ساڕێژ نابێت. هەموو ئەوانەی هەواڵی تۆ دەبیستن لە خۆشیدا چەپڵە لێ دەدەن، چونکە کێ نەیچێشتووە خراپەی بەردەوامی تۆ؟
کتێبی پیرۆز — Open Kurdi Sorani Standard Version. © 1998, 2011, 2016, 2020 Biblica, Inc.. Original source Bible: eBible.org/ckb. Original translation by Biblica, Inc., freely available from Biblica and Open.Bible. The Scripture is licensed under Creative Commons Attribution–ShareAlike 4.0. Complete original publisher copyright notice. Scripture text adaptations remain under CC BY-SA 4.0. Biblica endorsement is not implied. The original publisher USFM formatting has been adapted to searchable verse rows. Section headings, footnote display markup and some paragraph styling are omitted; Scripture wording and the source-native verse numbers are preserved. Divine Threads research and Kids Corner content are separately authored, not yet translated in this language.