کتێبی پیرۆز — Open Kurdi Sorani Standard Version

میخا 6

Read Scripture freely. Divine Threads study for this chapter is coming later.

1گوێ بگرن لەوەی یەزدان دەفەرموێت: «هەستە، بڕۆ لەلای چیاکانەوە سکاڵا بکە، با گردەکان گوێیان لێبێت کە چی دەڵێیت.
2«ئەی چیاکان، گوێ لە سکاڵای یەزدان بگرن، ئەی بناغە هەمیشەییەکانی زەوی، ئێوەش گوێ بگرن! چونکە سکاڵای یەزدان لە گەلەکەیەتی، داواکەی لە دژی ئیسرائیلە.
3«ئەی گەلەکەم، چیم لێت کردووە؟ بە چی نیگەرانم کردوویت؟ وەڵامم بدەوە!
4من لە خاکی میسرەوە دەرمهێنایت، لە خاکی کۆیلایەتی تۆم کڕییەوە. من موسام بۆ ناردی ڕابەرایەتیت بکات، هەروەها هارون و مریەمیش.
5ئەی گەلەکەم، بیهێنەرەوە یادت بالاقی پاشای مۆئاب پیلانی چی گێڕا و بەلعامی کوڕی بەعۆر چی وەڵام دایەوە. گەشتەکەت لە شەتیمەوە هەتا گلگال بهێنەرەوە یادت، تاکو کارە ڕاستودروستەکانی یەزدان بزانیت.»
6بە چی بچمە بەردەمی یەزدان و بۆ خودای پایەبەرز بچەمێمەوە؟ ئایا بە قوربانی سووتاندن بچمە بەردەمی، بە گوێرەکەی تەمەن یەک ساڵە؟
7ئایا یەزدان بە هەزاران بەران و بە دەیان هەزار ڕووبار لە ڕۆن ڕازی دەبێت؟ ئایا نۆبەرەکەم لە جیاتی یاخیبوونەکەم بدەم، بەری لەشم لە جیاتی گوناهی خۆم؟
8ئەی مرۆڤ، یەزدان پێی ڕاگەیاندیت کە چی چاکە و داوای چیت لێدەکات: دادوەری بەجێبهێنە و حەزت لە خۆشەویستی نەگۆڕ بێت و بە بێفیزی لەگەڵ خوداکەت هاتوچۆ بکەیت.
9ئەگەر ئێوە دانان لە ناوی خودا بترسن! دەنگی یەزدان بانگەواز بۆ شارەکە دەکات: «ئەی گەل و ئەوانەی لە شار کۆدەبنەوە، گوێ بگرن!
10ئەی ماڵی خراپەکار، ئایا هێشتا گەنجینەی داهاتی ناڕەواییتان لەبیر دەکەم؟ ئایا ئێفەی ناتەواو کە نەفرەت لێکراوە لەیادی دەکەم؟
11ئایا ئەوانەی تەرازوویان درۆیە بێتاوانیان دەکەم، ئەوانەی فێڵ لە توورەکەی کێش دەکەن؟
12دەوڵەمەندەکانی ستەمکارن، دانیشتووانەکەشی قسەی درۆ دەکەن و بە زمانیان فێڵ دەکەن.
13لەبەر ئەوە خەریکم سزاتان دەدەم، لەبەر گوناهەکانتان وێرانتان دەکەم.
14ئێوە دەخۆن و تێر نابن، گەدەتان هەردەم بەتاڵ دەبێت. ئەمبار دەکەن، بەڵام هیچ نامێنێتەوە، چونکە ئەوەی مایەوە دەیدەمە شمشێر.
15ئێوە دەچێنن و نادورنەوە، زەیتوون دەگوشن و بە ڕۆنەکەی خۆتان چەور ناکەن، ترێ دەگوشن و لە شەرابەکەی ناخۆنەوە،
16چونکە فەرزەکانی عۆمری و هەموو نەریتەکانی بنەماڵەی ئەحاڤتان بەجێهێناوە و ڕێگای ڕاوێژەکانی ئەوانتان گرتووەتەبەر. لەبەر ئەوە وێرانتان دەکەم و دانیشتووانەکەت دەکەمە مایەی گاڵتەجاڕی و تانە و تەشەری نەتەوەکان.»
کتێبی پیرۆز — Open Kurdi Sorani Standard Version. © 1998, 2011, 2016, 2020 Biblica, Inc.. Original source Bible: eBible.org/ckb. Original translation by Biblica, Inc., freely available from Biblica and Open.Bible. The Scripture is licensed under Creative Commons Attribution–ShareAlike 4.0. Complete original publisher copyright notice. Scripture text adaptations remain under CC BY-SA 4.0. Biblica endorsement is not implied. The original publisher USFM formatting has been adapted to searchable verse rows. Section headings, footnote display markup and some paragraph styling are omitted; Scripture wording and the source-native verse numbers are preserved. Divine Threads research and Kids Corner content are separately authored, not yet translated in this language.