کتێبی پیرۆز — Open Kurdi Sorani Standard Version

میخا 1

Read Scripture freely. Divine Threads study for this chapter is coming later.

1پەیامی یەزدان کە لە سەردەمی یۆتام و ئاحاز و حەزقیای پاشایانی یەهودا بۆ میخای مۆرەشەتی هات، ئەو بینینەی سەبارەت بە سامیرە و ئۆرشەلیم بوو:
2ئەی هەموو گەلان، گوێ بگرن، زەوی و هەموو ئەوانەی تێیدان، سەرنج بدەن: پەروەردگار لە پەرستگای پیرۆزیەوە، یەزدانی باڵادەست ببێتە شایەت بەسەرتانەوە.
3ئەوەتا، یەزدان لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیەوە دێتە دەرەوە، دادەبەزێت و بەسەر بەرزاییەکانی زەویدا دەڕوات.
4چیاکان لە ژێری دەتوێنەوە و دۆڵەکان شەق دەبەن، وەک مۆم لەبەردەم ئاگردا، وەک ئاوی ڕۆیشتوو بە لێژاییدا.
5هەموو ئەمە لەبەر یاخیبوونی یاقوب، لەبەر گوناهی بنەماڵەی ئیسرائیل. چی هۆکاری یاخیبوونی یاقوبە؟ ئایا سامیرە نییە؟ ئەی هۆکاری بتپەرستی بەرزاییەکانی یەهودا چییە؟ ئایا ئۆرشەلیم نییە؟
6«لەبەر ئەوە سامیرە کاول و وێران دەکەم، دەیکەمە کێڵگەی مێو چاندن. بەردەکانی فڕێدەدەمە ناو دۆڵەکەوە و بناغەکانی دەردەخەم.
7هەموو بتەکانی تێکدەشکێنرێن و هەموو کرێی داوێنپیسییەکەی بە ئاگر دەسووتێنرێت، هەموو بتەکانی وێران دەکەم. لەبەر ئەوەی بە کرێی لەشفرۆشی کۆی کردووەتەوە، دەدرێتەوە لەشفرۆش.»
8لەبەر ئەوە دەلورێنم و دەلاوێنمەوە، بەپێی پەتی و بە ڕووتی هاتوچۆ دەکەم. وەک چەقەڵ دەلورێنم و وەک کوندەپەپوو شیوەن دەگێڕم،
9چونکە برینەکەی ساڕێژ نابێت، بەڵکو یەهوداش تووش بوو، گەیشتە دەروازەی گەلەکەم، هەتا ئۆرشەلیم هات.
10ئەوە لە گەت ڕامەگەیەنن، بە هیچ شێوەیەک مەگریێن، لە بێت‌عۆفرادا خۆت لە خۆڵ بگەوزێنە.
11ئەی دانیشتووانی شافیر بە ڕووتی و شەرمەزاری بپەڕنەوە، دانیشتووانی چەئەنان دەرنەچن. بێت‌ئێچەل دەگریێت بەڵام ناتانپارێزێت.
12دانیشتووانی مارۆت بە ئازارەوە دەتلێنەوە، بە دڵەڕاوکێوە چاوەڕێی چارەسەر دەکەن، چونکە لەلایەن یەزدانەوە بەڵا بۆ دەروازەی ئۆرشەلیم دابەزی.
13ئەی دانیشتووانی لاخیش، گالیسکە بە ئەسپەوە ببەستن، ئێوە یەکەمین شار بوون دوای یاخیبوونەکانی ئیسرائیل کەوتن، هەروەها سییۆنی کچتان تووشی گوناه کرد.
14لەبەر ئەوە دیاری ماڵئاوایی دەدەن بە مۆرەشەت گەت. یارمەتی لە شارۆچکەکانی ئەکزیڤەوە جێی متمانە نییە بۆ پاشاکانی ئیسرائیل.
15داگیرکەرتان دەهێنمە سەر، ئەی دانیشتووانی مارێشا ، ئەوەی شکۆی ئیسرائیلە دێتە عەدولام.
16سەرتان بتاشن بۆ شیوەنگێڕان لەسەر منداڵە نازدارەکانتان، وەک سیسارکە کەچەڵ بن و مووتان بە سەرەوە نەبێ، چونکە منداڵی ئێوە بە دیل گیراوی ڕاپێچ دەکەن.
کتێبی پیرۆز — Open Kurdi Sorani Standard Version. © 1998, 2011, 2016, 2020 Biblica, Inc.. Original source Bible: eBible.org/ckb. Original translation by Biblica, Inc., freely available from Biblica and Open.Bible. The Scripture is licensed under Creative Commons Attribution–ShareAlike 4.0. Complete original publisher copyright notice. Scripture text adaptations remain under CC BY-SA 4.0. Biblica endorsement is not implied. The original publisher USFM formatting has been adapted to searchable verse rows. Section headings, footnote display markup and some paragraph styling are omitted; Scripture wording and the source-native verse numbers are preserved. Divine Threads research and Kids Corner content are separately authored, not yet translated in this language.