کتێبی پیرۆز — Open Kurdi Sorani Standard Version

یۆئێل 3

Read Scripture freely. Divine Threads study for this chapter is coming later.

1«لەو ڕۆژانەدا و لەو کاتەدا، کاتێک ڕاپێچکراوەکانی یەهودا و ئۆرشەلیم دەگەڕێنمەوە،
2هەموو نەتەوەکان خڕدەکەمەوە و دەیانبەمە خوارەوە بۆ دۆڵی یەهۆشافات . لەوێدا دادگاییان دەکەم، لەسەر گەلەکەم و میراتەکەم، ئیسرائیل، کە لەنێو نەتەوەکاندا پەرتوبڵاویان کردنەوە و زەوییەکەی منیان دابەش کرد.
3لەسەر گەلەکەم تیروپشکیان کرد، منداڵیان بۆ لەشفرۆش فرۆشت، کچیان بۆ شەراب فرۆشت بۆ ئەوەی بیخۆنەوە.
4«ئەی سور و سەیدا و هەموو ناوچەکانی فەلەستیە، ئیتر ئێوە چیتان لە دژی من هەیە؟ ئایا تۆڵەم لێ دەستێننەوە؟ جا ئەگەر تۆڵەم لێ بستێننەوە، بە پەلە و خێرا بەسەر خۆتانیدا دەهێنمەوە،
5چونکە ئێوە زێڕ و زیوەکەی منتان برد و گەنجینە باشەکانی منتان بردە ناو پەرستگاکانی خۆتان.
6نەوەی یەهودا و نەوەی ئۆرشەلیمتان بە نەوەی یۆنانییەکان فرۆشت، تاکو لە نیشتیمانی خۆیان دووریان بخەنەوە.
7«ببینن، من لەو شوێنەوە کە ئەوانتان پێی فرۆشتبوو هەڵیاندەستێنم، ئەوەی کردبووتان بەسەر خۆتانیدا دەهێنمەوە.
8کوڕ و کچەکانتان دەفرۆشمە نەوەی یەهودا، ئەوانیش دەیانفرۆشنە سەبئییەکان، نەتەوەیەکی دوور.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
9ئەمە لەنێو نەتەوەکاندا ڕابگەیەنن: خۆتان بۆ جەنگێک ئامادە بکەن! پاڵەوانەکان هەڵتسێنن! با هەموو جەنگاوەران پێشبکەون و هێرش بکەن.
10گاسنەکانتان بکوتن و بیکەنە شمشێر، داسەکانیشتان بکەنە ڕم. با لاواز بڵێت، «من پاڵەوانم!»
11ئەی هەموو نەتەوەکانی دەوروبەر، بە پەلە وەرن، لەوێدا کۆببنەوە. ئەی یەزدان، پاڵەوانەکانت دابەزێنە!
12«نەتەوەکان هەڵدەستن و دێن، بۆ دۆڵی یەهۆشافات، چونکە لەوێدا دادەنیشم بۆ دادگاییکردنی هەموو نەتەوەکانی دەوروبەر.
13داسەکە ڕاوەشێنن، چونکە دروێنەکە پێگەیشتووە. وەرن ترێ بپڵیشێننەوە، چونکە گوشەرەکە پڕ بووە، قەڕابەکە سەرڕێژ دەبێت، چونکە خراپەیان زۆرە!»
14«لە دۆڵی بڕیار کۆمەڵ، کۆمەڵ! چونکە ڕۆژی یەزدان نزیکە لە دۆڵی بڕیار.
15خۆر و مانگ تاریک دەبن و ئەستێرەکان تروسکایی خۆیان ڕادەگرن.
16یەزدانیش لە سییۆنەوە دەنەڕێنێت، لە ئۆرشەلیمەوە دەنگی بەرز دەکاتەوە، ئاسمان و زەوی دەهەژێن. بەڵام یەزدان پەناگایە بۆ گەلەکەی خۆی، قەڵایە بۆ نەوەی ئیسرائیل.
17«ئیتر دەزانن کە من یەزدانی پەروەردگارتانم، لە سییۆن نیشتەجێم، کێوی پیرۆزم. ئۆرشەلیمیش پیرۆز دەبێت؛ لەمەودوا بێگانە بەناویدا تێناپەڕێت.
18«لەو ڕۆژەدا چیاکان خۆشاوی ترێیان لێ دەتکێت، گردەکان شیریان لێ دەڕژێت؛ هەموو کەندەکانی یەهودا ئاویان لەسەر دەڕژێت، کانییەک لە ماڵی یەزدانەوە هەڵدەقوڵێت، دۆڵی شەتیم ئاو دەدات.
19بەڵام میسر وێران دەبێت، ئەدۆمیش دەبێتە چۆڵەوانییەکی وێران، لەبەر ئەوەی ستەمیان لە نەوەی یەهودا کرد، خوێنی بێتاوانیان لە خاکەکەیاندا ڕشت.
20یەهوداش هەتاهەتایە ئاوەدان دەبێت، ئۆرشەلیمیش نەوە دوای نەوە.
21لەو خوێنڕشتنەیان خۆشدەبم کە پێشتر لێی خۆش نەببووم.» یەزدانیش لە سییۆن نیشتەجێ دەبێت!
کتێبی پیرۆز — Open Kurdi Sorani Standard Version. © 1998, 2011, 2016, 2020 Biblica, Inc.. Original source Bible: eBible.org/ckb. Original translation by Biblica, Inc., freely available from Biblica and Open.Bible. The Scripture is licensed under Creative Commons Attribution–ShareAlike 4.0. Complete original publisher copyright notice. Scripture text adaptations remain under CC BY-SA 4.0. Biblica endorsement is not implied. The original publisher USFM formatting has been adapted to searchable verse rows. Section headings, footnote display markup and some paragraph styling are omitted; Scripture wording and the source-native verse numbers are preserved. Divine Threads research and Kids Corner content are separately authored, not yet translated in this language.