کتێبی پیرۆز — Open Kurdi Sorani Standard Version

ئەیوب 37

Read Scripture freely. Divine Threads study for this chapter is coming later.

1«لەبەر ئەمە دڵم خورپە دەکات و لە جێی خۆی دەست دەکات بە کوتان.
2بۆ نەڕەی دەنگەکەی و گرمەگرمی دەمی گوێ شل بکە!
3لەژێر هەموو ئاسمان هەتا ئەوپەڕی زەوی، بە بروسکەکەی دەردەبڕێت.
4لەدوای ئەوەش هەر دەنگی نەڕەکەی دێت، بە دەنگی پڕ شانازییەکەی دەگرمێنێت. کاتێک دەنگ دەداتەوە بروسکەکەی ڕاناگرێت.
5خودا بە دەنگێکی سەرسوڕهێنەر دەگرمێنێت؛ کاری مەزنی وا دەکات کە ئێمە تێیناگەین.
6بە بەفر دەفەرموێت: ”بکەوە سەر زەوی،“ هەروەها بە تاوە باران دەفەرموێت: ”بە لێزمە ببارێ.“
7مۆر لە دەستی هەموو مرۆڤێک دەدات، بۆ ئەوەی هەموو خەڵکی دروستکەری خۆیان بناسن.
8گیانلەبەران دەچنە ناو لانەکانی خۆیانەوە و لەناو کونەکانی خۆیان دەمێننەوە.
9لە باشوورەوە ڕەشەبا دێت و لە باکووریشەوە سەرما.
10لە هەناسەی خوداوە بەستەڵەک پەیدا دەبێت و سەر ڕووی ئاوەکان دەبنە سەهۆڵ.
11هەروەها هەورەکان بە شێ بار دەکات؛ بروسکەکەی بەناو هەورەکاندا پەرت دەکات.
12بەگوێرەی خواستی ئەو لەسەر ڕووی زەوی ئاوەدان دەگەڕێن هەتا هەموو ئەوە بکات کە فەرمانی پێ دەکرێت.
13هەورەکان دەهێنێت بۆ تەمبێکردنی خەڵک، یان بۆ ئەوەی ئاو بداتە زەوییەکەی و خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی پیشان بدات.
14«ئەیوب گوێ بۆ ئەمە شل بکە! هەستە و لە پەرجووەکانی خودا وردبەرەوە.
15ئایا دەزانیت خودا چۆن فەرمان بە هەورەکان دەکات، یان درەوشانەوەی هەورە بروسکەکەی چۆنە؟
16ئایا دەزانیت چۆن هەورەکان بە ئاسمانەوە وەستاون، ئایا کارە سەرسوڕهێنەرەکانی خودا دەزانیت ئەوەی کە زانیاری تەواوە؟
17ئەی ئەوەی لەناو جلوبەرگەکەت گەرما دەتخوات بە کپبوونی زەوی بە بای باشوور،
18ئایا دەتوانیت هاوکاری ئەو بکەیت ئاسمان بڵاو بکەیتەوە، کە وەک ئاوێنەیەکی لە بڕۆنز داڕێژراو ڕەقە؟
19«پێمان بڵێ کە چی پێ بڵێین؛ لەبەر ئەوەی ئێمە لە تاریکیداین ناتوانین داواکارییەکەمان ئامادە بکەین.
20ئایا دەبێت پێی بگوترێت کە من دەمەوێ قسە بکەم؟ ئایا مرۆڤ قسە دەکات بۆ ئەوەی خۆی بە قووتدان بدات؟
21ئێستاش کەس ناتوانێت تەماشای خۆر بکات کە لە ئاسماندا دەدرەوشێتەوە دوای ئەوەی با هەڵیکرد و ئاسمانی بێگەرد کرد.
22لە باکوورەوە بە شکۆمەندییەکی زێڕین دێت، خودای شکۆدار و سامناک دێت.
23ئێمە پەی بە خودای هەرە بەتوانای باڵادەست نابەین، کە لەبەر دادپەروەرییە مەزنەکەی و ڕاستودروستییە زۆرەکەی ستەم ناکات.
24لەبەر ئەمە خەڵکی لێی دەترسن، چونکە ئاوڕ دەداتەوە لەوانەی کە بە دڵیان دانان.»
کتێبی پیرۆز — Open Kurdi Sorani Standard Version. © 1998, 2011, 2016, 2020 Biblica, Inc.. Original source Bible: eBible.org/ckb. Original translation by Biblica, Inc., freely available from Biblica and Open.Bible. The Scripture is licensed under Creative Commons Attribution–ShareAlike 4.0. Complete original publisher copyright notice. Scripture text adaptations remain under CC BY-SA 4.0. Biblica endorsement is not implied. The original publisher USFM formatting has been adapted to searchable verse rows. Section headings, footnote display markup and some paragraph styling are omitted; Scripture wording and the source-native verse numbers are preserved. Divine Threads research and Kids Corner content are separately authored, not yet translated in this language.