کتێبی پیرۆز — Open Kurdi Sorani Standard Version

ئەیوب 16

Read Scripture freely. Divine Threads study for this chapter is coming later.

1ئەیوبیش وەڵامی دایەوە:
2«زۆرم لەمانە گوێ لێ بووە، هەموو دڵنەواییەکەتان بریندارکەرن!
3ئایا قسەی پووچ کۆتایی هەیە؟ یان چی دەتوروژێنێت هەتا وەڵام بدەیتەوە؟
4منیش وەک ئێوە قسەم دەکرد، ئەگەر ئێوە لە جێی من بوونایە؛ قسەم بۆ دەگێڕانەوە و سەرم لە ئاستتان دەلەقاند.
5بەڵام بە دەم هانم دەدان و جوڵەی لێوەکانم ڕایدەگرتن.
6«ئەگەر قسە بکەم لە خەمۆکیەکەم کەم نابێتەوە، ئەگەر بێدەنگیش بم لێم دوور ناکەوێتەوە.
7ئەی خودایە، بێگومان تۆ بێزارت کردووم، هەموو کەسوکارەکەی منت لەناوبردووە.
8سستت کردم، سستییەکەم بووە شایەت، لاوازییەکەم لێم هەستاوە، بەرەوڕوو شایەتیم لەسەر دەدات.
9تووڕەییەکەی پەلاماری دام و منی چەوساندەوە، ددانەکانی لێم جیڕکردەوە، دوژمنەکەم چاوی تێبڕیوم.
10خەڵک دەمیان لێ داچەقاندووم، بە گاڵتەپێکردنەوە زللەیان لێدەدام، پێکەوە گەلەکۆمەیان لێکردم.
11خودا منی دایە دەست زۆردار و فڕێیدامە نێو دەستی خراپەکارەوە.
12من ئاسوودە بووم و ئەو جێی لەق کردم، پشتەملی گرتم و وردوخاشی کردم. منی کرد بە نیشانی خۆی؛
13تیرهاوێژەکانی دەوریان دام. جەرگی بڕیم و دڵی نەسووتا، زراوی منی بەسەر زەویدا ڕشت.
14جار لەدوای جار شەقم دەکات، وەک جەنگاوەرێک هێرش دەکاتە سەرم.
15«جلوبەرگی گوشم بە پێستمەوە دووری و خۆڵەمێشم بە سەری خۆمدا کرد.
16دەموچاوم لەبەر گریان سوور هەڵگەڕا و ڕەشی بەسەر پێڵوی چاومدا هات.
17لەگەڵ ئەوەی زۆرداری لە دەستی مندا نییە و نوێژەکەم بێگەردە.
18«ئەی زەوی، خوێنەکەم دامەپۆشە، با جێیەک نەبێت بۆ هاوارم!
19ئەوەتا لە ئێستاوە شایەتەکەم لە ئاسمانە، پارێزگارەکەم لە بەرزاییەکانە،
20ئەو هاوڕێمە و داکۆکیم لێ دەکات. کاتێک لەبەردەم خودا چاوەکانم فرمێسک دەڕێژن،
21ئەو لە پێناوی پیاوێک لە خودا دەپاڕێتەوە، وەک پاڕانەوەی کەسێک بۆ هاوڕێکەی.
22«تەمەنم کورتە و بەسەردەچێت، لە ڕێگایەکدا دیلم کە لێی ناگەڕێمەوە.
کتێبی پیرۆز — Open Kurdi Sorani Standard Version. © 1998, 2011, 2016, 2020 Biblica, Inc.. Original source Bible: eBible.org/ckb. Original translation by Biblica, Inc., freely available from Biblica and Open.Bible. The Scripture is licensed under Creative Commons Attribution–ShareAlike 4.0. Complete original publisher copyright notice. Scripture text adaptations remain under CC BY-SA 4.0. Biblica endorsement is not implied. The original publisher USFM formatting has been adapted to searchable verse rows. Section headings, footnote display markup and some paragraph styling are omitted; Scripture wording and the source-native verse numbers are preserved. Divine Threads research and Kids Corner content are separately authored, not yet translated in this language.