کتێبی پیرۆز — Open Kurdi Sorani Standard Version

ڕابەران 13

Read Scripture freely. Divine Threads study for this chapter is coming later.

1دیسان نەوەی ئیسرائیل لەبەرچاوی یەزدان گەڕانەوە بۆ خراپەکاری و یەزدانیش چل ساڵ ژێر دەستەی فەلەستییەکانی کردن.
2ئینجا پیاوێک لە چۆرعا هەبوو لە هۆزی دانییەکان ناوی مانۆوەح بوو، ژنەکەی نەزۆک بوو منداڵی نەدەبوو.
3جا فریشتەی یەزدان بۆ ژنەکە دەرکەوت و پێی فەرموو: «تۆ نەزۆکیت و منداڵت نەبووە، بەڵام سکپڕ دەبیت و کوڕێکت دەبێت.
4ئێستاش وریابە شەراب و مەی مەخۆرەوە و شتی گڵاو مەخۆ.
5ئەوەتا سک پڕ دەبیت و کوڕێکت دەبێت، گوێزان بەسەر سەریدا نایەت، چونکە کوڕەکە هەر لە سکتەوە تەرخانکراو دەبێت بۆ خودا، ئەویش دەست دەکات بە ڕزگارکردنی ئیسرائیل لە دەستی فەلەستییەکان.»
6ئینجا ژنەکە چوو بۆ لای مێردەکەی و پێی گوت: «پیاوێکی خودا هات بۆ لام و وەک فریشتەی خودا شێوەی زۆر سامناک بوو. لێم نەپرسی کە لەکوێوە هاتووە، ئەویش ناوی خۆی پێ نەگوتم.
7پێی گوتم: ”ئەوەتا سک پڕ دەبیت و کوڕێکت دەبێت، ئێستاش شەراب و مەی مەخۆرەوە و شتی گڵاو مەخۆ، چونکە کوڕەکە لەو کاتەوەی لە سکتە تەرخانکراو دەبێت بۆ خودا هەتا ڕۆژی مردنی.“»
8ئینجا مانۆوەح لە یەزدان پاڕایەوە و گوتی: «ئەی پەروەردگار، داوات لێ دەکەم ئەو پیاوەی خودا کە ناردت با دووبارە بێتەوە بۆ لامان و فێرمان بکات چی بۆ ئەو کوڕە بکەین کە لەدایک دەبێت.»
9خوداش گوێی لە دەنگی مانۆوەح گرت و فریشتەی خودا دووبارە هاتەوە بۆ لای ژنەکە کە لە کێڵگەدا دانیشتبوو و مانۆوەحی مێردی لەگەڵدا نەبوو.
10ئیتر ژنەکە بە خێرایی ڕایکرد و بە مێردەکەی گوت: «ئەو پیاوەی کە ئەو ڕۆژە هات بۆ لام، لێرەیە!»
11مانۆوەحیش هەستا و بەدوای ژنەکەیدا ڕۆیشت و هات بۆ لای پیاوەکە، پێی گوت: «تۆ ئەو پیاوەی کە لەگەڵ ژنەکەم قسەت کرد؟» ئەویش گوتی: «من ئەوم.»
12مانۆوەحیش گوتی: «لە کاتی هاتنەدی وتەکەت، ڕێنمایی و کردارەکانی چۆن دەبێت؟»
13ئینجا فریشتەکەی یەزدان بە مانۆوەحی گوت: «با ژنەکە هۆشیار بێت لە هەموو ئەو شتانەی پێم گوت،
14ئەوەی لە دار مێو بێت با نەیخوات، شەراب و مەی نەخواتەوە و هیچ شتێکی گڵاویش نەخوات. با خۆی لە هەموو ئەو شتانە بپارێزێت کە ڕامسپاردووە.»
15ئینجا مانۆوەح بە فریشتەکەی یەزدانی گوت: «لێمانگەڕێ با بتحەوێنینەوە و کارەبزنێکت بۆ سەر ببڕین.»
16فریشتەکەی یەزدانیش بە مانۆوەحی گوت: «ئەگەر بشمحەوێننەوە لە نانەکەت ناخۆم، ئەگەر قوربانی سووتاندنیشت کرد پێشکەشی یەزدانی بکە.» مانۆوەح نەیزانی ئەوە فریشتەی یەزدانە.
17مانۆوەحیش بە فریشتەکەی یەزدانی گوت: «ناوت چییە، بۆ ئەوەی کاتێک وتەکەت هاتە دی ڕێزت لێ بنێین؟»
18فریشتەکەی یەزدانیش پێی گوت: «بۆچی لە ناوم دەپرسیت؟ ئەو لە سەرووی تێگەیشتنەوەیە؟»
19ئینجا مانۆوەح کارەبزنەکە و دانەوێڵە پێشکەشکراوەکەی برد و سەری خستنە سەر تاتەبەردێک و کردنی بە قوربانی بۆ یەزدان، یەزدانیش کارێکی سەرسوڕهێنەری ئەنجام دا و مانۆوەح و ژنەکەشی تەماشایان دەکرد.
20ئەوە بوو: لە کاتی بەرزبوونەوەی گڕی ئاگر لە قوربانگاکەوە بۆ ئاسمان، فریشتەکەی یەزدان لەناو گڕی قوربانگاکەدا سەرکەوت. کە مانۆوەح و ژنەکەی ئەمەیان بینی هەردووکیان بە ڕوودا کەوتن بە زەویدا.
21لەدوای ئەمە فریشتەکەی یەزدان لەبەرچاوی مانۆوەح و ژنەکەی دیار نەما، ئەوسا مانۆوەح زانی ئەوە فریشتەی یەزدان بوو.
22ئیتر مانۆوەح بە ژنەکەی گوت: «بێگومان دەمرین، چونکە خودامان بینی!»
23ژنەکەشی وەڵامی دایەوە: «ئەگەر یەزدان بیویستایە بمانمرێنێت قوربانی سووتاندن و پێشکەشکراوی دانەوێڵەیی لە دەستمان وەرنەدەگرت، هەموو ئەم شتانەی نیشان نەدەداین و لەم کاتەدا هەموو ئەم شتانەی پێ نەدەگوتین.»
24ئینجا ژنەکە کوڕێکی بوو و ناوی لێنا شەمشون. کوڕەکە گەورە بوو و یەزدان بەرەکەتداری کرد،
25ڕۆحی یەزدانیش دەستی کرد بە جوڵاندنی شەمشون کاتێک لە مەحەنێی دان بوو کە دەکەوێتە نێوان چۆرعا و ئەشتائۆل.
کتێبی پیرۆز — Open Kurdi Sorani Standard Version. © 1998, 2011, 2016, 2020 Biblica, Inc.. Original source Bible: eBible.org/ckb. Original translation by Biblica, Inc., freely available from Biblica and Open.Bible. The Scripture is licensed under Creative Commons Attribution–ShareAlike 4.0. Complete original publisher copyright notice. Scripture text adaptations remain under CC BY-SA 4.0. Biblica endorsement is not implied. The original publisher USFM formatting has been adapted to searchable verse rows. Section headings, footnote display markup and some paragraph styling are omitted; Scripture wording and the source-native verse numbers are preserved. Divine Threads research and Kids Corner content are separately authored, not yet translated in this language.