کتێبی پیرۆز — Open Kurdi Sorani Standard Version

ئیشایا 62

Read Scripture freely. Divine Threads study for this chapter is coming later.

1لە پێناوی سییۆن بێدەنگ نابم و لە پێناوی ئۆرشەلیم هێمن نابم هەتا بێتاوانییەکەی وەک گزنگی خۆر دەدرەوشێتەوە و ڕزگاریشی وەک مەشخەڵ داگیرسێت.
2ئەو کاتە هەموو نەتەوەکان بێتاوانییەکەت دەبینن، هەموو پاشاکانیش شکۆمەندییەکەت. ناوێکی نوێت لێ دەنرێت کە دەمی یەزدان دیاری دەکات.
3دەبیت بە تاجی جوانی لە دەست یەزدان و تاجەگوڵینە لەناو لەپی خودات.
4چیتر ناوت نانرێت «بەجێماو» و چیتر بە خاکەکەت ناگوترێت «وێرانە»، بەڵکو پێت دەگوترێت «حەفچیڤا »، خاکەکەشت، «بەعولە »، چونکە یەزدان بە تۆ دڵخۆش دەبێت، خاکەکەشت مێردی دەبێت.
5وەک چۆن گەنج دەبێت بە مێردی کچێکی پاکیزە، ئاواش کوڕەکانت دەبن بە مێردت. وەک دڵخۆشی زاوا بە بووک، ئاواش خودات بە تۆ دڵخۆش دەبێت.
6ئەی ئۆرشەلیم، ئێشکگرم لەسەر شووراکانت داناوە، بەردەوام شەو و ڕۆژ بێدەنگ نابن. ئەی ئەوانەی یەزدانتان لە یادە، ئۆقرە مەگرن،
7لێ مەگەڕێن یەزدان ئۆقرە بگرێت هەتا ئۆرشەلیم دەچەسپێنێت و ناوداری دەکات لە زەویدا.
8یەزدان بە دەستی ڕاستی خۆی و بە هێزی بازووی سوێندی خوارد: «چیتر دانەوێڵەکەت ناکەم بە خۆراک بۆ دوژمنەکانت و شەرابە نوێیەکەشت کە پێوەی ماندوو بوویت، نامۆکان نایخۆنەوە،
9بەڵکو ئەوانە دەیخۆن کە گەنمیان بەرهەم هێناوە و ستایشی یەزدان دەکەن، ئەوانەی ترێیان ڕنیوەتەوە لە حەوشەی پیرۆزگاکەم دەیخۆنەوە.»
10تێپەڕ بن! تێپەڕ بن لە دەروازەکانەوە! ڕێگای گەل خۆش بکەن. ئامادەی بکەن! ڕێڕەو ئامادە بکەن! لە بەرد پاکی بکەنەوە. ئاڵا بۆ گەل بەرز بکەنەوە.
11ئەوەتا یەزدان بە هەر چوار لای زەویدا ڕایگەیاندووە: «بە شاری سییۆن بڵێن، ”وا ڕزگارکەرەکەت دێت! وا پاداشتەکەی لەگەڵیەتی و خەڵاتەکەی لەبەردەمییەتی.“»
12ناویان لێ دەنێن، «گەلە پیرۆزەکە»، «ئەوانەی یەزدان کڕیونیەتیەوە»، تۆش ناوت لێ دەنرێت، «داواکراوەکە»، «شارە بەجێنەماوەکە».
کتێبی پیرۆز — Open Kurdi Sorani Standard Version. © 1998, 2011, 2016, 2020 Biblica, Inc.. Original source Bible: eBible.org/ckb. Original translation by Biblica, Inc., freely available from Biblica and Open.Bible. The Scripture is licensed under Creative Commons Attribution–ShareAlike 4.0. Complete original publisher copyright notice. Scripture text adaptations remain under CC BY-SA 4.0. Biblica endorsement is not implied. The original publisher USFM formatting has been adapted to searchable verse rows. Section headings, footnote display markup and some paragraph styling are omitted; Scripture wording and the source-native verse numbers are preserved. Divine Threads research and Kids Corner content are separately authored, not yet translated in this language.