کتێبی پیرۆز — Open Kurdi Sorani Standard Version

ئیشایا 58

Read Scripture freely. Divine Threads study for this chapter is coming later.

1«پڕ بە گەرووت هاوار بکە و مەیگەڕێنەوە، وەک کەڕەنا دەنگت بەرز بکەوە! یاخیبوونەکەی گەلەکەم بە خۆیان ڕابگەیەنە، گوناهەکانی بنەماڵەی یاقوبیش بە خۆیان.
2ڕۆژ بە ڕۆژ داوای من دەکەن و خۆیان وا دەردەخەن کە بە پەرۆشن بۆ زانینی ڕێگاکانم، وەک نەتەوەیەک ڕاستودروستی ئەنجام دابێت و حوکمەکانی خودای خۆیان پشتگوێ نەخستبێت. داوای حوکمەکانی ڕاستودروستیم لێ دەکەن و خۆیان وا دەردەخەن کە بە پەرۆشن بۆ نزیکبوونەوە لە خودا.
3دەڵێن: ”بۆچی بەڕۆژوو بووین و سەیرت نەکردین، خۆمان زەلیل کرد و پێت نەزانین؟“ «وا لە ڕۆژی بەڕۆژوبوونتان خۆشی دەبینن و هەموو کرێکارەکانتان دەچەوسێننەوە.
4وا سەرئەنجامی ڕوژووگرتنتان دەبێتە شەڕ و ناکۆکی، بە خراپە مست لە یەکتری دەوەشێنن. ئەمڕۆ ناتوانن بەڕۆژوو بن و چاوەڕێ دەکەن لە ئاسمان دەنگتان ببیسترێت.
5ئایا ئەمە ئەو ڕۆژووەیە کە من دەمەوێت؟ مرۆڤ تەنها ڕۆژێک گیانی خۆی زەلیل دەکات، وەک زەل سەری دادەنەوێنێت و لەسەر گوش و خۆڵەمێش ڕادەکشێت؟ ئایا ئەمە ناو دەنێیت ڕۆژوو، یان ڕۆژێکی پەسەند لەلای یەزدان؟
6«ئایا ئەمە ئەو ڕۆژووە نییە کە من دەمەوێت: کۆتی ستەمکاری بکرێتەوە و گرێیەکانی نیر شل بکرێنەوە، چەوساوەکان بەڕەڵا بکرێن و هەموو نیرێک بشکێنن؟
7ئایا ئەوە نییە کە نانی خۆت بۆ برسی لەت بکەیت و هەژارە بێ لانەکان ببەیتە ماڵەوە، کە ڕووتێکت بینی پۆشتەی بکەیت و خۆت لە خزمەکانی خۆت نەشاریتەوە؟
8ئەوسا ڕووناکیت وەک بەیان پڕشنگ دەداتەوە، تەندروستیت بە خێرایی چرۆ دەکات، ڕاستودروستیت لەپێشتەوە دەڕوات و شکۆمەندی یەزدانیش پاشڕەو و پارێزەری تۆیە.
9ئەوسا هاوار دەکەیت و یەزدان وەڵام دەداتەوە، هاواری فریاکەوتن دەکەیت، ئەویش پێت دەفەرموێت: ئەوەتام. «ئەگەر بەرگی ستەم لە خۆت داماڵیت و واز لە قسەی بەد و تاوانبارکردنی خەڵکی بهێنیت،
10هەروەها ئەگەر خۆت بۆ برسی ماندوو بکەیت و پێداویستی زەلیل دابین بکەیت، ئاوا ڕووناکیت لەناو تاریکی دەدرەوشێتەوە و تاریکی ئەنگوستەچاوت وەک نیوەڕۆ دەبێت.
11یەزدان هەمیشە ڕێنماییت دەکات و لە خاکی ڕووتەندا گیانت تێر دەکات و جەستەت بەهێز دەکات. وەک باخچەیەکی تێر ئاوت لێدێت، کانییەک کە ئاوی لێ نەبڕێت.
12گەلی تۆ کەلاوە داڕووخاوە کۆنەکان بنیاد دەنێنەوە، بناغەکان هەڵدەستێننەوە، کە لە نەوەکانی پێشووەوەیە، ئینجا ناوت لێ دەنێن، ”بنیادنەرەوەی شوورا“ و ”ئاوەدانکەرەوەی کۆڵانەکان“.
13«ئەگەر بە پێیەکانت ڕۆژی شەممەت نەشکاند، لە ڕۆژی پیرۆزم بە ئارەزووی خۆت نەکەیت، ئەگەر ڕۆژی شەممە بە ڕۆژی خۆشی دابنێیت و ڕۆژی پیرۆزی یەزدان، ڕێزدارە، ئەگەر ڕێزی لێ بگریت بەوەی ڕێگای خۆت ئەنجام نەدەیت و بەدوای خۆشی خۆتەوە نەبیت و قسەکانی خۆت نەکەیت،
14ئەوسا خۆشی لە یەزدان دەبینیت و سواری بەرزاییەکانی زەویت دەکەم و میراتەکەی یاقوبی باوکت دەرخوارد دەدەم.» یەزدان بە دەمی خۆی فەرمووی.
کتێبی پیرۆز — Open Kurdi Sorani Standard Version. © 1998, 2011, 2016, 2020 Biblica, Inc.. Original source Bible: eBible.org/ckb. Original translation by Biblica, Inc., freely available from Biblica and Open.Bible. The Scripture is licensed under Creative Commons Attribution–ShareAlike 4.0. Complete original publisher copyright notice. Scripture text adaptations remain under CC BY-SA 4.0. Biblica endorsement is not implied. The original publisher USFM formatting has been adapted to searchable verse rows. Section headings, footnote display markup and some paragraph styling are omitted; Scripture wording and the source-native verse numbers are preserved. Divine Threads research and Kids Corner content are separately authored, not yet translated in this language.