کتێبی پیرۆز — Open Kurdi Sorani Standard Version

ئیشایا 38

Read Scripture freely. Divine Threads study for this chapter is coming later.

1لەو ڕۆژانەی حەزقیا نەخۆش کەوت، لە سەرە مەرگ بوو، ئیشایا پێغەمبەر کوڕی ئامۆچ هات بۆ لای و پێی گوت: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: وەسیەت بۆ ماڵەکەت بکە، چونکە دەمریت و ناژیت.»
2حەزقیا ڕووی لە دیوارەکە کرد و نوێژی بۆ یەزدان کرد،
3گوتی: «ئای یەزدان، ئەوەت لەیاد بێت کە چۆن بە دڵسۆزی و پڕ بە دڵ دۆستایەتیم کردیت، ئەوەی پێت باش بوو کردم.» ئینجا حەزقیا بەکوڵ گریا.
4جا ئیشایا فەرمایشتی یەزدانی بۆ هات، فەرمووی:
5«بڕۆ و بە حەزقیا بڵێ: ”یەزدان، پەروەردگاری داودی باپیرە گەورەت ئەمە دەفەرموێت: گوێم لە پاڕانەوەکەت بوو و فرمێسکەکانتم بینی، پازدە ساڵ لە تەمەنت زیاد دەکەم و
6فریای خۆت و ئەم شارەش دەکەوم، بەرگری لەم شارە دەکەم لە دەستی پاشای ئاشور.
7«”ئەمەش نیشانە بێت بۆت لەلایەن یەزدانەوە، کە یەزدان ئەم کارە دەکات کە بەڵێنی دا:
8ئەوەتا سێبەر دەگەڕێنمەوە بەو پلانەی پێی هاتووەتە خوارەوە، بە پلەکانی ئاحاز بە خۆر، دە پلە بەرەو دواوە.“» جا خۆر دە پلە گەڕایەوە بەو پلانەی پێی هاتبووە خوار.
9نووسراوی حەزقیای پاشای یەهودا، دوای ئەوەی نەخۆش کەوت و لە نەخۆشییەکەی چاک بووەوە:
10گوتم: «ئایا لە هەڕەتی گەنجیمدا من دەچم بۆ جیهانی مردووان، چونکە یەزدان لە پاشماوەی ژیانم بێبەشی کردووم؟»
11گوتم: «یەزدان نابینم لە خاکی زیندوواندا، لەمەودوا چیتر سەیری ئادەمیزاد ناکەم لەسەر ڕووی زەوی.
12خانووم هەڵتەکا و لەلام ڕۆیشت وەک خێوەتی شوانان، وەکو جۆڵا ژیانی خۆمم پێچایەوە و لە تەونەکەمدا بڕیمەوە، شەو و ڕۆژ تۆ لەناوم دەبەیت.
13بە ئارامییەوە هەتا بەرەبەیان چاوەڕێ دەکەم، بەڵام وەک شێر ئێسکم ورد دەکات، شەو و ڕۆژ تۆ لەناوم دەبەیت.
14وەک پەڕەسێلکە و ڕیشۆڵە جیکە جیک دەکەم، وەکو کۆتر دەگمێنم، چاوم شل بوو هێندە لە ئاسمان بڕوانم. وەڕس بووم، ئەی پەروەردگار، بە هانام وەرە!»
15ئیتر چی بڵێم؟ ئەو پێی فەرمووم و ئەو خۆی کردی. بە بێفیزی بە هەموو ساڵانمدا دەڕۆم لەبەر تاڵاوی گیانم.
16ئەی پەروەردگار، مرۆڤ لەسەر ئەمانە دەژین، ژیانی ڕۆحیم لە هەموو ئەمانەدایە. تۆ منت چاککردەوە و ژیانت پێ بەخشیم.
17بێگومان سوودی بۆ من هەبوو کە تاڵی لەسەر تاڵیم چێشت. لە خۆشەویستیدا تۆ گیانی منت لە تەڵەی لەناوچوون ڕزگار کرد، چونکە هەموو گوناهەکانی منت فڕێدایە پشت خۆتەوە.
18جیهانی مردووان سوپاست ناکات و مردووانیش ستایشت ناکەن، هەروەها ئەوانەی لە گۆڕ دەنرێن هیوایان بە دڵسۆزی تۆ نییە.
19زیندووان، تەنها زیندووان سوپاست دەکەن، باوکان دڵسۆزی تۆ بە منداڵەکانیان دەناسێنن.
20یەزدان ڕزگارم دەکات، هەموو ڕۆژانی ژیانمان مۆسیقا دەژەنین لە پەرستگای یەزدان.
21ئینجا ئیشایا گوتی: «با هەویری هەنجیر هەڵبگرن و بیخەنە سەر دوومەڵەکە، چاک دەبێتەوە.»
22حەزقیاش گوتبووی: «نیشانە چییە، کە دەچمە پەرستگای یەزدان؟»
کتێبی پیرۆز — Open Kurdi Sorani Standard Version. © 1998, 2011, 2016, 2020 Biblica, Inc.. Original source Bible: eBible.org/ckb. Original translation by Biblica, Inc., freely available from Biblica and Open.Bible. The Scripture is licensed under Creative Commons Attribution–ShareAlike 4.0. Complete original publisher copyright notice. Scripture text adaptations remain under CC BY-SA 4.0. Biblica endorsement is not implied. The original publisher USFM formatting has been adapted to searchable verse rows. Section headings, footnote display markup and some paragraph styling are omitted; Scripture wording and the source-native verse numbers are preserved. Divine Threads research and Kids Corner content are separately authored, not yet translated in this language.