کتێبی پیرۆز — Open Kurdi Sorani Standard Version

ئیشایا 35

Read Scripture freely. Divine Threads study for this chapter is coming later.

1چۆڵەوانی و خاکی وشک شادمان دەبن، بیابان دەگەشێتەوە و چرۆ دەکات، وەک گوڵاڵە سوورە،
2بە تەواوی چرۆ دەکات و تەواو دەگەشێتەوە و هاواری خۆشی دەکات! شکۆی لوبنانی پێدەدرێت، شەوکەتی کارمەل و شارۆن، ئەوان شکۆی یەزدان و شەوکەتی خودامان دەبینن.
3دەستە شلەکان توند بکەن و ئەژنۆ لەرزۆکەکان بچەسپێنن.
4بەوانە بڵێن کە دڵەکوتێیانە: «خۆتان توند بکەن، مەترسن! ئەوەتا خوداتان، بە تۆڵەسەندنەوە دێت، سزای خوداتان. ئەو دێت و ڕزگارتان دەکات.»
5ئەوسا چاوی کوێر دەبینێت و گوێی کەڕ دەکرێتەوە.
6ئەوسا شەل وەک ئاسک باز دەدات و زمانی لاڵ هاواری خۆشی دەکات، چونکە لە چۆڵەوانی ئاو تەقییەوە و ڕووباریش لە بیابان.
7سەراب دەبێتە گۆم و خاکی تینوو بە کانیاو. لە لانەی چەقەڵەکان، لە مۆڵگەکەیان، قامیش و زەلی لێ سەوز دەبێت.
8لەوێ ڕێڕەوێک و ڕێگایەک دەبێت، ڕێگای پیرۆزی پێ دەگوترێت. گڵاو پێیدا تێناپەڕێت، بەڵکو بۆ ئەوانەیە کە بە چاکە پێیدا دەڕۆن، گێلەکان پێدا ناڕۆن.
9شێر لەوێ نابێت، جانەوەری دڕندە بۆ ئەوێ سەرناکەوێت، لەوێ بەرچاو ناکەون. بەڵکو ئەوانەی کڕاونەتەوە پێیدا دەڕۆن،
10ئەوانەی یەزدان کڕیونیەتیەوە دەگەڕێنەوە، بە هاواری خۆشییەوە بۆ سییۆن دێن، شادییەکی هەتاهەتایی بەسەر سەریانەوە. خۆشی و شادی پێیان دەگەن و ناخۆشی و ئاخ هەڵکێشان هەڵدێن.
کتێبی پیرۆز — Open Kurdi Sorani Standard Version. © 1998, 2011, 2016, 2020 Biblica, Inc.. Original source Bible: eBible.org/ckb. Original translation by Biblica, Inc., freely available from Biblica and Open.Bible. The Scripture is licensed under Creative Commons Attribution–ShareAlike 4.0. Complete original publisher copyright notice. Scripture text adaptations remain under CC BY-SA 4.0. Biblica endorsement is not implied. The original publisher USFM formatting has been adapted to searchable verse rows. Section headings, footnote display markup and some paragraph styling are omitted; Scripture wording and the source-native verse numbers are preserved. Divine Threads research and Kids Corner content are separately authored, not yet translated in this language.