کتێبی پیرۆز — Open Kurdi Sorani Standard Version

حەبەقوق 2

Read Scripture freely. Divine Threads study for this chapter is coming later.

1لە خاڵی چاودێریکردنەکەم دەوەستم و سەردەکەومە سەر قوللەی چاودێری، چاوەڕێ دەکەم تاکو بزانم یەزدان چیم پێ دەڵێت و بۆ وەڵامی ئەو سکاڵایە چی بڵێم.
2ئینجا یەزدان وەڵامی دامەوە و فەرمووی: «سروشەکە بنووسەوە و لەسەر تابلۆ هەڵیبکۆڵە، تاکو پەیامنێر بە دروستی پەیامەکە بگەیەنێت،
3چونکە سروشەکە بۆ کاتی دیاریکراوە، باسی کۆتایی دەکات و درۆ ناکات. ئەگەر درێژەی کێشا چاوەڕێی بکە، چونکە بێگومان دێت و دواناکەوێت.
4«تەماشا، دوژمن خۆی گف کردووەتەوە، ئارەزووەکانی ڕەوا نییە، بەڵام کەسی ڕاستودروست بە باوەڕی خۆی دەژیێت.
5لە ڕاستیدا شەراب فریوی دەدات، لەخۆباییە و هەرگیز هێور نابێتەوە، چونکە وەک گۆڕ ئارەزووی بەرفراوانە، وەک مردنە، هەرگیز تێر نابێت، هەموو نەتەوەکان بۆ خۆی کۆدەکاتەوە و هەموو گەلان بە دیل دەگرێت.
6«ئایا گەلەکان پەند و توانج لەو ناگرن، دەڵێن: «”قوڕبەسەر ئەوەی شتی دزراو کەڵەکە دەکات و بە ستەمکاری خۆی دەوڵەمەند دەکات! ئەو دۆخە هەتا کەی بەردەوام دەبێت؟“
7ئایا قەرزدەرەکانت کتوپڕ لێت ڕاستنابنەوە؟ ئایا بەئاگا نایێن و ناتلەقێنن؟ ئینجا دەبیتە دەستکەوت بۆیان.
8لەبەر ئەوەی تۆ چەندین نەتەوەت تاڵان کرد، ئەو گەلانەی کە ماونەتەوە تۆ تاڵان دەکەن، لەبەر ئەوەی تۆ خوێنی مرۆڤت ڕشت، تۆ خاک و شار و هەموو دانیشتووانەکەیت وێران کرد.
9«قوڕبەسەر ئەوەی دەستکەوتی ناڕەوا بۆ ماڵەکەی بەدەستدەهێنێت و هێلانەکەی لە بەرزایی دادەنێت، تاکو لە چنگی خراپە دەرباز بێت!
10پیلانی ڕیشەکێشکردنی گەلانێکی زۆرت گێڕا، شەرمەزاریت هێنایە سەر ماڵەکەت و خۆتت دۆڕاند.
11لەبەر ئەوە بەرد لەناو دیوارەوە هاوار دەکات و کاریتەش لە دارەوە دەنگ دەداتەوە.
12«قوڕبەسەر ئەوەی بە خوێنڕشتن شار بنیاد دەنێت و بە ستەمکاری شارۆچکە دادەمەزرێنێت.
13ئایا ئەوە لەلایەن یەزدانی سوپاسالارەوە نییە کە ماندووبوونی گەلان تەنها بۆ ئاگر بێت، شەکەتبوونی نەتەوەکان بێ سوود بێت؟
14چونکە زەوی پڕ دەبێت لە ناسینی شکۆمەندی یەزدان، هەروەک ئاو دەریا دادەپۆشێت.
15«قوڕبەسەر ئەوەی شەراب دەرخواردی نزیکەکەی دەدات، هەتا سەرخۆش دەبێت لە مەشکەکەوە بۆی تێدەکات، تاکو جەستەیان بە ڕووتی ببینێت.
16تێردەبیت لە شەرمەزاری لە جیاتی شکۆمەندی. ئێستا نۆرەی تۆیە! بینۆشە و ڕووت ببەوە، جامی دەستی ڕاستی یەزدان دێتە سەر تۆ، شەرمەزاریش شکۆی تۆ دادەپۆشێت.
17ئەو ستەمەی لە لوبنانت کرد بەسەرت دێتەوە، لەناوبردنی ئاژەڵەکانی دەتترسێنێت. لەبەر ئەوەی تۆ خوێنی مرۆڤت ڕشت، تۆ خاک و شار و هەموو دانیشتووانەکەیت وێران کرد.
18«ئەو بتەی کە دەتاشرێت چ کەڵکێکی هەیە؟ یان ئەو پەیکەرە لەقاڵبدراوەی خەڵکی فێری درۆ دەکات؟ چونکە دروستکەرەکەی پشتی پێ دەبەستێت، بتێکی دروستکردووە ناتوانێت قسە بکات.
19قوڕبەسەر ئەوەی بە تەختەدار دەڵێت: ”هەستە!“ بە بەردی بێ هەست و نەست: ”بە ئاگابە!“ ئایا دەتوانێت ڕێنمایی بکات؟ بە زێڕ و زیو ڕووکەش کراوە، ڕۆحی تێدا نییە.»
20بەڵام یەزدان لەناو پەرستگای پیرۆزیدایە، با هەموو دانیشتووانی زەوی لەبەردەمیدا بێدەنگ بن.
کتێبی پیرۆز — Open Kurdi Sorani Standard Version. © 1998, 2011, 2016, 2020 Biblica, Inc.. Original source Bible: eBible.org/ckb. Original translation by Biblica, Inc., freely available from Biblica and Open.Bible. The Scripture is licensed under Creative Commons Attribution–ShareAlike 4.0. Complete original publisher copyright notice. Scripture text adaptations remain under CC BY-SA 4.0. Biblica endorsement is not implied. The original publisher USFM formatting has been adapted to searchable verse rows. Section headings, footnote display markup and some paragraph styling are omitted; Scripture wording and the source-native verse numbers are preserved. Divine Threads research and Kids Corner content are separately authored, not yet translated in this language.