کتێبی پیرۆز — Open Kurdi Sorani Standard Version

حزقیێل 31

Read Scripture freely. Divine Threads study for this chapter is coming later.

1لە یەکی مانگی سێی ساڵی یازدەیەمین، فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
2«ئەی کوڕی مرۆڤ، بە فیرعەونی پاشای میسر و ئاپۆرەی سوپاکەی بڵێ: «”لە گەورەییدا بە کێ خۆت بەراورد دەکەیت؟
3سەیر بکە ئاشور دار ئورزێک بوو لە لوبنان، چڵەکانی جوان و سێبەرەکەی پڕ بوو، باڵای بەرز بوو، لووتکەی گەیشتە هەور.
4ئاو گەشەیان پێ کرد، کانیاوە هەڵقوڵاوەکان گەورەیان کرد، جۆگەکانی بە دەوریدا ڕۆیشتن، ئاوبارەکانی نارد بۆ هەموو دارەکانی دەشتودەر.
5لەبەر ئەوە لە هەموو دارەکانی دەشتودەر باڵای بەرزتر بوو، لەبەر زۆری ئاو چڵەکانی زۆر بوون و لقەکانی درێژ بوون، چرۆیان کرد.
6هەموو باڵندەکانی ئاسمان لەناو چڵەکانی هێلانەیان کرد، هەموو گیانلەبەرانی دەشتودەر لەژێر لقەکانی زاوزێیان کرد، لەژێر سێبەرەکەیدا نەتەوە گەورەکان نیشتەجێ بوون.
7بە چڵە درێژەکانی لە جوانیدا بێ وێنە بوو، چونکە ڕەگەکەی لەسەر ئاوێکی زۆر بوو.
8دار ئورزی باخچەی خودا پێی نەدەگەیشتەوە، دار سنەوبەر لەگەڵ چڵەکانی بەراورد نەدەکرا، چنار وەک لقەکانی ئەو نەبوو. هیچ دارێکی باخچەی خودا لە جوانیدا لەو نەدەچوون.
9بە زۆری لقەکانی جوانم کرد، هەتا هەموو دارەکانی عەدەن، ئەوانەی لە باخچەی خودان بەغیلییان پێی دەبرد.
10«”لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: لەبەر ئەوەی دار ئورزەکە باڵای بەرزبووەوە، لووتکەی گەیشتە هەورەکان، بە بەرزییەکەی دڵی لەخۆبایی بوو،
11دامە دەست ڕابەری نەتەوەکان، بەگوێرەی خراپەکانی هەڵسوکەوتی لەگەڵدا دەکات. من دەرمکرد و
12بێگانەکان کە دڕندەترینی نەتەوەکانن، بڕییانەوە و بەجێیان هێشت. چڵەکانی لەسەر چیاکان و لە هەموو دۆڵێک کەوتن، لقەکانیشی لەلای هەموو شیوەکانی خاکەکە شکێنرابوون. هەموو گەلانی زەوی لەژێر سێبەرەکەی لاچوون و بەجێیان هێشت.
13هەموو باڵندەکانی ئاسمان لەسەر قەدە کەوتووەکەی نیشتنەوە و هەموو گیانلەبەرانی دەشتودەر لەنێو لقەکانی بوون.
14لەبەر ئەوە نابێت هیچ دارێکی دیکە کەوا لە کەناری ئاوە هەرگیز بە لووتبەرزییەوە بەرز بێتەوە، لووتکەی بگاتە هەور، هیچ دارێکی دیکەی تێر ئاو باڵای ناگاتە ئەو بەرزییە. بەڵکو چارەنووسی هەموویان مردنە، لەنێو ئادەمیزادان دەخرێنە ژێر زەوی، لەگەڵ ئەوانەی دەچنە نێو جیهانی مردووان.
15«”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: لەو ڕۆژەی دار ئورزەکە کەوتە نێو جیهانی مردووان، من سەرچاوەی ئاوەکانی ژێر زەویم بە خەم داپۆشی. جۆگەکانیم گرتەوە، ئاوە زۆرەکان بڕان. بۆ ئەو لوبنانم بە بەرگی ماتەم پۆشی، لەبەر ئەویش هەموو دارەکانی دەشتودەر سیس بوون.
16کاتێک لە گۆڕم نا لەگەڵ ئەوانەی دەچنە نێو جیهانی مردووان، لە دەنگی کەوتنی ئەو نەتەوەکانم ڕاچڵەکاند، جا هەموو دارەکانی عەدەن، هەڵبژێردراو و هەرەباشەکانی لوبنان، هەموو دارێکی تێر ئاو، لە دنیای خوارەوە دڵنەوایی کران.
17هەروەها ئەوانەی کە لە سایەیدا دەژیان، واتا هاوپەیمانەکانی لەنێو نەتەوەکان، لەگەڵیدا شۆڕبوونەوە ناو جیهانی مردووان و چوونە پاڵ کوژراوان بە شمشێر.
18«”کام داری عەدەن لە شکۆمەندی و گەورەیی بە تۆ بەراورد دەکرێ؟ لەگەڵ ئەوەشدا لەگەڵ دارەکانی عەدەن دەکەویتە قووڵایی زەوی و لەنێو خەتەنەنەکراو و کوژراوان بە شمشێر ڕادەکشێیت. «”ئەمە فیرعەون و هەموو ئاپۆرەی سوپاکەیەتی. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“»
کتێبی پیرۆز — Open Kurdi Sorani Standard Version. © 1998, 2011, 2016, 2020 Biblica, Inc.. Original source Bible: eBible.org/ckb. Original translation by Biblica, Inc., freely available from Biblica and Open.Bible. The Scripture is licensed under Creative Commons Attribution–ShareAlike 4.0. Complete original publisher copyright notice. Scripture text adaptations remain under CC BY-SA 4.0. Biblica endorsement is not implied. The original publisher USFM formatting has been adapted to searchable verse rows. Section headings, footnote display markup and some paragraph styling are omitted; Scripture wording and the source-native verse numbers are preserved. Divine Threads research and Kids Corner content are separately authored, not yet translated in this language.