کتێبی پیرۆز — Open Kurdi Sorani Standard Version

ئامۆس 4

Read Scripture freely. Divine Threads study for this chapter is coming later.

1ئەی مانگاکانی باشان، ئەوانەی لە کێوی سامیرەن، ئەی خاتوونەکان، ئەی ئەو ژنانەی ستەم لە هەژاران دەکەن، نەداران وردوخاش دەکەن و بە مێردەکانیان دەڵێن، «خواردنەوەمان بۆ بهێنن!» گوێتان لەم پەیامە بێت:
2یەزدانی باڵادەست سوێندی بە پیرۆزی خۆی خوارد: «بێگومان ڕۆژێک دێت، خۆتان بە قولاپ دەگیرێن و دوا کەسیشتان بە قولاپی ماسی.
3هەریەکە و لەپێش خۆیەوە بەناو کەلێنی دیوارێکدا دەبردرێن و فڕێدەدرێنە هەرمۆن.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
4«وەرن بۆ بێت‌ئێل و یاخی ببن، لە گلگال یاخیبوون زۆر بکەن. هەموو بەیانییەک قوربانییەکانتان بهێنن، هەر سێ ساڵ جارێک دەیەکەکانتان.
5ئەی نەوەی ئیسرائیل، لە هەویرترشەوە قوربانی سوپاسگوزاری بسووتێنن، بانگەواز بۆ بەخشینی ئازاد بکەن و ڕایبگەیەنن، چونکە واتان پێ خۆش بوو.» ئەوە فەرموودەی یەزدانی باڵادەستە.
6«هەروەها منیش لە هەموو شارۆچکەکانتان سک بەتاڵی و لە هەموو شوێنەکانتان کەمی نانم پێدان، بەڵام ئێوە بۆ لای من نەگەڕانەوە.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
7«هەروەها بارانم لێ گرتنەوە هێشتا سێ مانگی مابوو بۆ دروێنە. بارانم بەسەر شارۆچکەیەکدا باراند و بەسەر شارۆچکەیەکی دیکەدا نەمباراند. بەسەر کێڵگەیەکدا باری و ئەو کێڵگەش کە بەسەریدا نەباری وشک بوو.
8خەڵکی دوو سێ شارۆچکە بۆ ئاو خواردنەوە چوونە شارۆچکەیەکی دیکە، تینووێتییان نەشکا، بەڵام ئێوە بۆ لای من نەگەڕانەوە.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
9«زۆر جار باخ و ڕەزەمێوی ئێوەم هەڵپڕووکاندووە، بە بای گەرمەسێر و کەڕوو. کوللە دار هەنجیر و دار زەیتوونیان خواردووە، بەڵام ئێوە بۆ لای من نەگەڕاونەتەوە.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
10«دەردم ناردە سەر ئێوە، وەک ئەوەی ناردبوومە سەر میسر. بە شمشێر لاوەکانی ئێوەم کوشت، لەگەڵ ئەسپە ڕاپێچکراوەکان، وام کرد بۆنی بۆگەنی تەرمەکانی ناو ئۆردوگاکەتان بکەن، بەڵام ئێوە بۆ لای من نەگەڕانەوە.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
11«هەندێکتانم هەڵگەڕاندەوە، وەک چۆن سەدۆم و عەمۆرام هەڵگەڕاندەوە، وەک پارچە دارێکی گڕگرتووتان لێهات کە لەناو ئاگرەوە دەرهێنرابێت، بەڵام ئێوە بۆ لای من نەگەڕانەوە.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
12«ئەی ئیسرائیل، ئاوات پێ دەکەم، ئەی ئیسرائیل، لەبەر ئەوەی ئەمەت پێ دەکەم، ئامادەبە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی خوداکەت.»
13شێوەداڕێژی چیاکان و بەدیهێنەری با، ئەوەی بیرکردنەوەی خۆی بە مرۆڤ ڕادەگەیەنێت، ئەوەی بەرەبەیان دەکاتە تاریکی، بەسەر بەرزاییەکانی زەویدا دەڕوات، ناوی یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالارە.
کتێبی پیرۆز — Open Kurdi Sorani Standard Version. © 1998, 2011, 2016, 2020 Biblica, Inc.. Original source Bible: eBible.org/ckb. Original translation by Biblica, Inc., freely available from Biblica and Open.Bible. The Scripture is licensed under Creative Commons Attribution–ShareAlike 4.0. Complete original publisher copyright notice. Scripture text adaptations remain under CC BY-SA 4.0. Biblica endorsement is not implied. The original publisher USFM formatting has been adapted to searchable verse rows. Section headings, footnote display markup and some paragraph styling are omitted; Scripture wording and the source-native verse numbers are preserved. Divine Threads research and Kids Corner content are separately authored, not yet translated in this language.