کتێبی پیرۆز — Open Kurdi Sorani Standard Version

دووەم پوختەی مێژوو 5

Read Scripture freely. Divine Threads study for this chapter is coming later.

1کاتێک سلێمان هەموو کارەکانی پەرستگای یەزدانی تەواو کرد، شتە تەرخانکراوەکانی داودی باوکی کە لە زێڕ و زیو بوون و کەلوپەلەکانی هێنا پێشکەشی کرد بە گەنجینەکانی پەرستگای خودا.
2لەو کاتەدا سلێمان لە ئۆرشەلیم پیرانی ئیسرائیلی کۆکردەوە، هەموو سەرکردەی هۆزەکان و گەورەی بنەماڵەکانی نەوەی ئیسرائیل، بۆ هێنانی سندوقی پەیمانی یەزدان لە سییۆنەوە، کە بە شاری داود ناسراوە.
3هەروەها لەو جەژنەی کە لە مانگی حەوتە هەموو گەلی ئیسرائیل لەلای پاشا کۆبوونەوە.
4ئیتر هەموو پیرانی ئیسرائیل هاتن و لێڤییەکانیش سندوقەکەیان هەڵگرت،
5سندوقەکە و چادری چاوپێکەوتن و هەموو کەلوپەلە پیرۆزەکانی ناو چادرەکەیان هێنا. کاهینە لێڤییەکان هێنایانە سەرەوە،
6سلێمانی پاشاش لەگەڵ هەموو کۆمەڵی ئیسرائیل کە لەگەڵی کۆببوونەوە لەبەردەم سندوقەکە بوون، مەڕ و مانگایان سەردەبڕی کە لە زۆریدا نە تۆمار دەکرا و نە دەژمێردرا.
7ئینجا کاهینەکان سندوقی پەیمانی یەزدانیان هێنایە شوێنەکەی خۆی، بۆ پیرۆزگاکەی ناوەوەی پەرستگاکە، شوێنی هەرەپیرۆز، بۆ ژێر باڵی دوو کەڕوبەکە.
8کەڕوبەکان باڵەکانیان بەسەر سندوقەکەدا کردبووەوە، سندوقەکە و هەردوو داردەستەکەشیان دادەپۆشی کە بۆ هەڵگرتنیەتی.
9ئەم داردەستانەش ئەوەندە درێژ بوون کە لە ئەمسەر و ئەوسەری سندوقەکەوە دەرچووبوون، هەروەها سەری داردەستەکان لەو دیوی پەردەی شوێنی هەرەپیرۆز دەبینران، بەڵام لە دەرەوەی شوێنە پیرۆزەکەوە نەدەبینران، هەتا ئەمڕۆش هەر لەوێدان.
10ناو سندوقەکەش هیچی تێدا نەبوو، جگە لەو دوو تەختە بەردەی کە موسا لە حۆرێڤ تێیدا داینابوون کاتێک یەزدان لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل لە کاتی هاتنەدەرەوەیان لە میسر پەیمانی لەگەڵ بەستن.
11ئینجا کاهینەکان لە شوێنی پیرۆز کشانەوە. هەموو کاهینە ئامادەبووەکان خۆیان پیرۆز کردبوو بێ ڕەچاوکردنی بەشەکانیان.
12هەروەها لێڤییە گۆرانیبێژەکانیش کە بریتی بوون لە ئاساف و هێیمان و یەدوتون و کوڕەکانیان و براکانیان، هەموویان کەتانی ناسکیان لەبەرکردبوو بە سەنج و بە قیسارە و بە سازەوە ڕاوەستابوون و لەلای ڕۆژهەڵاتی قوربانگاکەوە، سەد و بیست کاهینیشیان لەگەڵدا بوو کە کەڕەنایان لێدەدا.
13کەڕەنا لێدەر و گۆرانیبێژەکان بە یەک دەنگ ستایش و سوپاسی یەزدانیان کرد، دەنگیان بەرزکردەوە و بە کەڕەنا، سەنج و ئامێرە مۆسیقییەکانی دیکە ستایشی یەزدانیان کرد و گوتیان: «بێگومان خودا چاکە، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.» ئینجا پەرستگای یەزدان پڕبوو لە هەور و
14کاهینەکانیش لەبەر هەورەکە نەیانتوانی خزمەت بکەن، چونکە شکۆی یەزدان پەرستگای خودای پڕکرد.
کتێبی پیرۆز — Open Kurdi Sorani Standard Version. © 1998, 2011, 2016, 2020 Biblica, Inc.. Original source Bible: eBible.org/ckb. Original translation by Biblica, Inc., freely available from Biblica and Open.Bible. The Scripture is licensed under Creative Commons Attribution–ShareAlike 4.0. Complete original publisher copyright notice. Scripture text adaptations remain under CC BY-SA 4.0. Biblica endorsement is not implied. The original publisher USFM formatting has been adapted to searchable verse rows. Section headings, footnote display markup and some paragraph styling are omitted; Scripture wording and the source-native verse numbers are preserved. Divine Threads research and Kids Corner content are separately authored, not yet translated in this language.