کتێبی پیرۆز — Open Kurdi Sorani Standard Version

دووەم پوختەی مێژوو 19

Read Scripture freely. Divine Threads study for this chapter is coming later.

1کاتێک یەهۆشافاتی پاشای یەهودا بە سەلامەتی گەڕایەوە کۆشکەکەی لە ئۆرشەلیم،
2یێهوی کوڕی حەنانی، ئەوەی پەیامی خودای بە پاشا ڕادەگەیاند، چووە لای و بە یەهۆشافات پاشای گوت: «ئایا دەبوو یارمەتی خراپەکار بدەیت و ئەوانەت خۆشبوێت کە ڕقیان لە یەزدانە؟ لەبەر ئەوە تووڕەیی یەزدانت لەسەرە.
3بەڵام هەندێک کاری چاکت لێ بەدی کراوە، چونکە ستوونە ئەشێراکانت لە خاکەکەدا داماڵی و خۆتت تەرخان کردووە بۆ ڕوو لە خودا کردن.»
4یەهۆشافات لە ئۆرشەلیم نیشتەجێ بوو، دیسان لە ئۆرشەلیم هاتە دەرەوە و بەناو گەلدا گەڕا، لە بیری شابەعەوە هەتا ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم و ئەوانی بۆ لای یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانیان گەڕاندەوە.
5هەروەها دادوەری لە هەموو شارە قەڵابەندەکانی یەهودا دانا و
6بە دادوەرەکانی گوت: «ئاگاداربن ئێوە چی دەکەن، چونکە ئێوە دادوەری بۆ مرۆڤ ناکەن، بەڵکو بۆ یەزدان، ئەویش لە بڕیارداندا لەگەڵتان دەبێت.
7ئێستاش با ترسی یەزدانتان لە دڵدا بێت و ئاگاداربن و کار بکەن، چونکە لەلای یەزدانی پەروەردگارمان ناڕەوایی و لایەنگری و بەرتیل خواردن نییە.»
8هەروەها یەهۆشافات لە لێڤی و کاهین و گەورەی بنەماڵەکانی ئیسرائیل چەند کەسێکی لە ئۆرشەلیم دانا بۆ دادوەریکردن بەگوێرەی فێرکردنی یەزدان و بۆ ناوبژیکردنی ناکۆکییەکان، ئەوانیش لە ئۆرشەلیم دانیشتن.
9فەرمانی پێ کردن و گوتی: «بە لەخواترسی و دڵسۆزی و بە هەموو دڵەوە کار بکەن.
10هەر داوایەک کە برایانی دانیشتووی شارەکانتان دەیهێننە لاتان، پەیوەست بێت بە خوێنڕشتن یان بە فێرکردنەکان سەبارەت بە فەرمان و حوکمەکان، ئەوا ئاگاداریان بکەنەوە لە دژی یەزدان تاوان نەکەن، نەوەک تووڕەیی یەزدان بێتە سەر خۆتان و گەلەکەتان. ئەگەر بەم شێوەیە بکەن، تاوان ناکەن.
11«ئەمەریای سەرۆک کاهین لە هەموو کاروبارەکانی یەزدان سەرپەرشتیتان دەکات، زەڤەدیای کوڕی ئیسماعیلیش کە سەرۆکی هۆزی یەهودایە، لە هەموو کاروبارەکانی پاشا سەرپەرشتیتان دەکات و لێڤییەکانیش وەکو کاربەدەست یارمەتیدەرتان دەبن. ئازابن و دەستبەکار بن، با یەزدانیش لەگەڵ چاکەکاران بێت.»
کتێبی پیرۆز — Open Kurdi Sorani Standard Version. © 1998, 2011, 2016, 2020 Biblica, Inc.. Original source Bible: eBible.org/ckb. Original translation by Biblica, Inc., freely available from Biblica and Open.Bible. The Scripture is licensed under Creative Commons Attribution–ShareAlike 4.0. Complete original publisher copyright notice. Scripture text adaptations remain under CC BY-SA 4.0. Biblica endorsement is not implied. The original publisher USFM formatting has been adapted to searchable verse rows. Section headings, footnote display markup and some paragraph styling are omitted; Scripture wording and the source-native verse numbers are preserved. Divine Threads research and Kids Corner content are separately authored, not yet translated in this language.