کتێبی پیرۆز — Open Kurdi Sorani Standard Version

یەکەم سالۆنیکی 5

Read Scripture freely. Divine Threads study for this chapter is coming later.

1خوشکان، برایان، سەبارەت بە کات و بەروار پێویست ناکات بۆتان بنووسین،
2چونکە خۆتان باش دەزانن، هاتنی ڕۆژی یەزدان وەک هاتنی دز وایە لە شەودا.
3کاتێک خەڵکی دەڵێن: «ئاشتی و ئاسایشە،» دەستبەجێ مردن دێتە سەریان، وەک ژانی ژنی سکپڕ لە ناوەختدا دێت و ناشتوانن دەربازیان بێت.
4بەڵام ئێوە خوشکان، برایان، لە تاریکیدا نین تاکو ئەو ڕۆژە وەک دز لەناکاو بێتە سەرتان،
5چونکە هەمووتان ڕۆڵەی ڕووناکی و ڕۆژن. ڕۆڵەی شەو یان تاریکی نین.
6کەواتە ئێمە وەک خەڵکی دیکە ناخەوین، بەڵکو با ئێشک بگرین و وریابین،
7چونکە ئەوانەی دەخەون بە شەو دەخەون و ئەوانەی سەرخۆش دەبن بە شەو سەرخۆش دەبن.
8بەڵام ئێمەی ڕۆڵەی ڕۆژ با وریا بین و زرێی باوەڕ و خۆشەویستی لەبەر بکەین و هیوای ڕزگاری وەک کڵاوی ئاسنین لەسەر بکەین،
9چونکە خودا ئێمەی بۆ تووڕەیی دەستنیشان نەکردووە، بەڵکو بۆ بەدەستهێنانی ڕزگاری لە ڕێگەی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمانەوە،
10ئەوەی لە پێناوی ئێمەدا مرد، تاکو ئەگەر بەخەبەر بین یاخود نوستوو ، لەگەڵ ئەو بژین.
11لەبەر ئەوە یەکتری هانبدەن و یەکتری بنیاد بنێن، وەک دەیکەن.
12ئیتر خوشکان و برایان، داواتان لێ دەکەین ڕێزی ئەوانە بگرن کە لەنێوتاندا زەحمەت دەکێشن و بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحی باڵادەستدا سەرپەرشتی و ئامۆژگاریتان دەکەن،
13لەبەر کارەکانیان ئەوپەڕی ڕێز و خۆشەویستییان بۆ دەربڕن. بە ئاشتی لەگەڵ یەکتری بژین.
14ئەی خوشکان و برایان، لێتان دەپاڕێینەوە کە سەرزەنشتی تەمبەڵەکان بکەن، ورەی ترسنۆکەکان بەرز بکەنەوە، یارمەتی لاوازەکان بدەن و لەگەڵ هەمووان پشوودرێژ بن.
15ئاگاداربن پاداشتی خراپە بە خراپە مەدەنەوە، بەڵکو هەمیشە هەوڵ بدەن بۆ یەکتری و بۆ خەڵکی دیکەش باش بن.
16هەمیشە دڵشاد بن،
17بەردەوام نوێژ بکەن،
18لە هەموو بارودۆخێکدا سوپاسی خودا بکەن، چونکە ئەمە ویستی خودایە بۆ ئێوە بە یەکبوونتان لەگەڵ عیسای مەسیحدا.
19ڕۆحی پیرۆز مەکوژێننەوە،
20پەیامی ئەوانە بە سووک مەزانن کە دەڵێن پەیامی خودا ڕادەگەیەنن،
21بەڵام هەموو شتێک تاقی بکەنەوە، چی باشە دەستی پێوە بگرن،
22لە هەموو جۆرە خراپەیەک دوور بکەونەوە.
23خودای ئاشتی خۆی بە تەواوی پیرۆزتان بکات. تەواوی ڕۆح و دەروون و جەستەتان لە کاتی هاتنەوەی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆماندا بێ گلەیی بپارێزن.
24ئەو خودایەی بانگتان دەکات، دڵسۆزە و بەڵێنی خۆی دەباتە سەر.
25خوشکان و برایانم، نوێژمان بۆ بکەن.
26بە ماچی پیرۆز سڵاو لە هەموو گەلی خودا بکەن.
27بە ناوی مەسیحی خاوەن شکۆوە ڕاتاندەسپێرم کە ئەم نامەیە بۆ هەموو باوەڕداران بخوێنرێتەوە.
28با نیعمەتی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان لەگەڵتان بێت.
کتێبی پیرۆز — Open Kurdi Sorani Standard Version. © 1998, 2011, 2016, 2020 Biblica, Inc.. Original source Bible: eBible.org/ckb. Original translation by Biblica, Inc., freely available from Biblica and Open.Bible. The Scripture is licensed under Creative Commons Attribution–ShareAlike 4.0. Complete original publisher copyright notice. Scripture text adaptations remain under CC BY-SA 4.0. Biblica endorsement is not implied. The original publisher USFM formatting has been adapted to searchable verse rows. Section headings, footnote display markup and some paragraph styling are omitted; Scripture wording and the source-native verse numbers are preserved. Divine Threads research and Kids Corner content are separately authored, not yet translated in this language.